بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سۆران، ڕایگەیاند: بەشی مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سۆران کراوەتەوە و شۆفێران دەتوانن بە کەمتر لە نیو کاتژمێر ببێتە خاوەنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی. دەشڵێ: لە ئیدارەی سۆران زۆربەی بەشەکان کراونەتەوە، تەنیا مامەڵەی بارھەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلی کرێ ماوە، ئەو بەشانەش لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێنەوە.
ڕائید عەدنان عوبێد، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سۆران، دەڵێت: پێشتر دەبوایە ھاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ بەدەستھێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی ڕێگەیەکی دوور ببڕن و بچنە ھەولێر و شوێنەکانی دیکە، بەڵام ئێستە خۆشبەختانە لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی ئیدارەی سۆران ھۆبەی مۆڵەتی نێودەوڵەتی کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان کراوە تێچووەکەش کەمترە. لە ھەمان کاتدا زووتر دەتوانن مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی دەکرێت و دەبنە خاوەنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی.
بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سۆران، گوتیشی: شۆفێر بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی پێویست ناکات ھیچ جۆرە تاقیکردنەوەیەک بکات، تەنیا پێویستە پاسەپۆرت و مۆڵەتی ناوخۆیی، ناسنامە و دوو وێنە لەگەڵ خۆ بھێنێت، بەو مەرجەی پاسەپۆرت و مۆڵەتەکەی ماوەی بەسەرچوونییان لە شەش مانگ کەمتر نەبێت، ڕۆژانە ھاووڵاتییان بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی دێنە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سۆران. بە حوکمی ئەوەی ئیدارەی سۆران ھاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و ئێران، لە ھەمان کاتدا چەند دەروازەیەکی نێودەوڵەتی لە سنوورەکە ھەن، ئەوەش وا دەکات ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربھێنن.
ڕائید عەدنان عوبێد، دەشڵێ: شۆفێر دەتوانێت کەمتر لە نیو کاتژمێر مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربھێنێت، تێچووی مۆڵەتەکەش دەگەڕێتەوە سەر داواکار؛ بۆ ساڵێک شەست ھەزار دینارە و بۆ دوو ساڵ سەد و دە ھەزار دینار و بۆ سێ ساڵ سەد و شەست ھەزار دینارە، شۆفێر بەم مۆڵەتە دەتوانێت لە ھەموو وڵاتانی جیھان ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت