لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە بایەخێکی تایبەت بە کشتوکاڵ دەدرێت و وەبەرهێنەرانیش کە پێشتر سەرمایەکانیان زیاتر بۆ بواری خانوو و نیشتەجێکردن تەرخان دەکرد، ماوەیەکە ڕوویان لە کەرتی کشتوکاڵ کردووە و خەریکە بەرهەمی ماندووبوونیان دەچنن، هەنگاوێک کە قازانجەکەی تەنیا بۆ خۆیان نییە بەڵکوو هەموو هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت.
یەکێک لەو بەرهەمانەی کە هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانیدا بە خۆبژێویی گەیشتووە و قەبارەی بەرهەمهێنانی نزیکەی شەش هێندە لە قەبارەی داخوازیی ناوخۆ زیاترە پەتاتەیە، بۆیەش بیر لەوە کراوەتەوە بەرهەمە زیادەکە ڕەوانەی بازاڕی نەک پارێزگاکانی تری عێراق، بەڵکوو وڵاتانی کەنداو بکرێت.
رۆژی دووشەممە ٧ی ئاب لە ڕێوڕەسمێکدا بڕێکی زۆر لە بەرهەمی پەتاتەی کوردستان ڕەوانەی وڵاتان کرا و بەپێی گرێبەستێک قەرارە ٥٠٠٠ تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: بەهۆی سیاسەتی فرەجۆرکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و بایەخەکانی حکوومەت بەو کەرتە بەرهەمی پەتاتە گەیشتووەتە ٦٥٠٠٠٠ تۆن لەکاتێکدا پێداویستییەکانی کوردستان بە پەتاتە ١٠٠٠٠٠ تۆنە و ئەمەش دەری دەخات هەرێمی کوردستان سەرووی شەش هێندەی پێداویستی پەتاتە بەرهەم دەهێنێت و پێویستە ٥٥٠٠٠٠ی هەناردە بکات و بازاڕی بۆ دابین بکات.
هەر بە پێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کورستان لەو ٦٥٠٠٠٠ تۆن پەتاتەیەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت ١٠٠٠٠٠ تا ١٥٠٠٠٠ تۆنی پەتاتەی پیشەسازییە و بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی چپس و فینگەر و چەند بەرهەمێکی تر سوودی لێ وەردەگیرێت.
١٢٠ تۆن پەتاتە ڕەوانەی ئیمارات کراوە و بڕیارە هەموو هەفتەیەک ٥٠٠ تۆن پەتاتە هەناردە بکرێت. ئەمە ئاکامی گرێبەستی نێوان بازرگانانی ئیمارات و هەرێمی کوردستانە و هەر لەم هەفتەیەوە گرێبەستەکە دست بە جێبەجێکردنی کرا و جگە لە ئیمارات بەرهەمەکە ڕەوانەی وڵاتانی تری کەنداویش دەکرێت.
جێی باسە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەمی پەتاتەی کوردستان ٦٠٠٠٠ تۆن بوو و بەرهەمەکە بەراورد بەو کاتە ١٠ هێندە زیادی کردووە.
دکتۆرمحەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند ئەگەر دەرگا بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بکرێتەوە، جووتیاران زیاتر پەرە بە بەرهەمەکانیان دەدەن و بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچێت و پارێزگاری هەولێریش ڕۆڵی جووتیاران و بازرگانانی لەم هەنگاوە بەرز نرخاند.
پێویستە بگوترێت هەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا بە خۆبژێوی نەگەیشتووە بەڵکوو هەندێک بەرهەمی تری هەیە کە لەخۆی زیادە و هەناردەی دەرەوەی دەکات. لەوانە گەنم، هێلکە، مریشک و چەند بەرهەمێکی تر و لە داهاتوودا دەکرێ بە ژمارەی ئەو بەرهەمانە زیاد ببێت و کوردستان بکەن بە سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە.
وەک ئاشکرایە پرسی هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بووەتە بەرنامەیەکی سەرەکیی حکوومەت و ساڵی رابردووش زیاتر لە ٢٠٠٠ تۆن هەناری کوردستان ڕەوانەی کەنداو کرا و بڕیارە ئەمساڵیش هەمان بەرهەم هەناردە بکرێت.
کەشوهەوای کوردستان ئەوەندە لەبارە کە دەتوانێت زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت، جگە لەمە ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی کشتوکاڵیی وڵاتانی تر جیا دەکاتەوە باشیی کوالێیییەکەیەتی و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە لەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لقەکانی کۆمپانیای بەناوبانگی مەکدۆناڵد لە وڵاتانی کەنداو داوای پەتاتەی هەرێمی کوردستان بکەن و بە بەرهەمێکی نایابی هەژمار بکەن.
هەناردەی کاڵا و شتومەک بۆ دەرەوە بە واتای هاتنی پارە و سەرمایەیە و بۆیەش لە ڕووی ئابوورییەوە دوو قازانجی گرنگی هەیە یەکەم ئەوەیە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕ دەکرێتەوە و ڕێ لە چوونەدەرەوەی پارە دەگرێت و لە لایەکی تریش دەبێتە هۆی هاتنی پارە و سەرمایە، ئەمە جگە لە ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لە کوردستان.