دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆ یەکەمینجار کارەبای نیشتمانی دەگاتە سنووری حاجی ئۆمەران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

قایمقامی قەزای چۆمان، دەڵێت: پڕۆژەیەکی کارەبا بەگوژمەی سێزدە ملیار دینار لە سنووری باڵەکایەتی جێبەجێ دەکرێت. دەشڵێ: بۆ یەکەمینجار کارەبای نیشتمانی دەگاتە سنووری حاجی ئۆمەران، بەو پێیەی کارەبای بەشێکی سنوورەکە لە ئێران دەھات.

سوارا ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، گوتی: پڕۆژەی گەیاندنی ھێلی ١٣٢ کەیڤی بۆ چۆمان و ھێلی ١٣٣ کەیڤی بۆ حاجی ئۆمەران، کە چوار بەش لەخۆدەگرێت لە جێبەجێکردندان.
قایمقامی چۆمان، گوتیشی: گوژمەی پڕۆژەکە بە سێزدە ملیار دینار دەخەملێندرێت و لەسەر بودجەی وەبەرھێنان و وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت، ماوەی پڕۆژەکە شەش سەد و شەست و پێنج ڕۆژە و ٩٥%ی پڕۆژەکە بە کۆتا ھاتووە.
سوارا ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، ڕوونیشیکردەوە: بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گرفتی کارەبا لە تەواوی ناوچەکە چارە دەبێت و لەڕووی کواڵێتی و بەرزکردنەوەی ڤۆڵتییە کێشەی ھاووڵاتییان چارە دەبێت، ھەروەھا بۆ یەکەمینجار کارەبای نیشتمانی دەگاتە سنووری حاجی ئۆمەران، بەو پێیەی کارەبای بەشێکی سنوورەکە تا ئێستە لە ئێرانەوە دەھات.