پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سێ لیوا لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنران

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنران.

ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنران، کە بریتیین لە (لیوای 26، لیوای 28، لیوای 30).

ئاماژە بەوەشکراوە، لیواکان لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراون و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنیان، کە دەکاتە رێکەوتی 8/8/2023، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی باشی بڕیوە.

پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.