پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بە “هاوکاری” لەگەڵ ئاسایشی کەرکووک رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوەش دەدات، دەست بەسەر هەزاران دۆلار و زیاتر لە یەک کیلۆ و نیوی ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سێ کەسی “بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر” و “بەهاوکاری لەگەڵ بەشی جموجۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووك” لە شاری هەولێر راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە، هاوکات دەستیشگیراوە بەسەر یەک کیلۆ و 650 گرام ماددەی هۆشبەر، سێ تەرازوو و نۆ هەزار دۆلار، کە پارەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بووە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان باسی لەوەش کردووە، “یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەڵگەی ئەتککردنی مناڵی نەوجوانی پێگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕووبەروی یاسا دەکرێنەوە”.

دەستگیرکردنی نۆ گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر

دەستگیرکردنی ئەم سێ تۆمەتبارە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی “نۆ گەورە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان” و دەستبەسەرداگرتن بەسەر “بڕی زیاتر لە چوارسەد و 52 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆندا” راگەیاند.

ئەو نۆ گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر، وەکو ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان ئاماژەی پێ کردبوو، لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و ئەنبار دەستگیرکرابوون و روونیشیکردبووەوە، “سەرچاوەی ماددەهۆشبەرەکانی ئەو تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوێشەوە بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو رۆیشتووە”.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، (1-5-2023) تا ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 20323)، زیاتر لە 710 کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیکراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە بۆ ئەوەی لێپێچێنیەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.

ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارساڵی رابردوودا رێژەی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەر دوو هێندە زیادی کردووە. روونیشیکردەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵ، هەزار و 212 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستیگیرکراون، هەروەها ئەمساڵ 147 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە دەردەخەن؛ لە ساڵی 2021، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەزار و 943 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و لە ساڵی 2022ـش ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراوان، بوو دوو هەزار و 103 کەس بەرزبوووەوە.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

سزای بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەستپێدەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژرادنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.