پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی پارتی:بنەمای دەوڵەتی نوێی عێراق تەوافق و شەراکەتە

دوێنێ، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەغدا، زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت کرد و بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکان، شاندەکەی پارتی بە ڕوونی داخوازییەکانی خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەی بووە بنەمای دامەزراندنی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، خستووەتە ڕوو. لە بەرامبەریشدا وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی بووە.

دوێنێ، لە یەکەمین کۆبوونەوەیاندا، شاندی پارتی، لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا خەمیس خەنجەریش نیگەرانی خۆی دەربڕیەوە بەوەی رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. ڕای گەیاندووە؛ دەبێت ئەو رێککەوتنانەی لەنیوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا کراوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، دواتر شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق کۆبوونەوە.
هەر دوێنێ، شاندەکە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فیدڕاڵ کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕای گەیاند؛ پێشوازیمان لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە میانەی دیدارەکەدا باسمان لە بارودۆخی گشتی وڵات کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکوومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتە گشتیەکانی لە پێشخستنی واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری وڵات، هاوکات دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بۆ خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی بارودۆخەکانیان کردەوە”.
نووسینەگی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لە ئەنجامدانی کرایەوە، هەروەها پێویستی دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بێلایەن کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان.
دواتریش، شاندەکە، لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی پارتی، ڕای گەیاند؛ بنەمای دەوڵەتی نوێێ عێراق، شەراکەت و تەوافقە و هەست دەکەین ئێستە ئەو تەوافق و شەراکەتە لاواز بووە و داوا دەکەین دەستوور جێبەجێ بکرێت.