پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

١٠٣ ساڵ بەسەر ئەو پەیمانەدا تێدەپەڕێت کە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی بە کورد دا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

١٠ی ئابی ئەمساڵ کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە، ١٠٣ ساڵ بەسەر مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر تێدەپەڕێت. پەیمانێک، کە مافی دروستکردنی دەوڵەتێکی بە کورد دا بەڵام هەرگیز جێبەجێ نەکرا. دوای سێ ساڵ پەیماننامەی لۆزان جێگەی گرتەوە و پرسی کورد بە تەواوی لەبیر کرا و سەرجەم هەوڵەکانی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.

پەیماننامەی سیڤەر ٢ ساڵ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی مۆر کرا و لەسەردەمێکدا بوو شتێک بە ناوی ئیمپراتۆریی عوسمانی نەمابوو کە زۆرینەی خاکی کوردستانی لەبەردەستدا بوو. بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و وڵاتانی هاوپەیمان کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیی سەرکەوتوو ببوون ئیمزای پەیماننامەکەیان کرد لە بەرانبەریشدا نوێنەرانی تورکیا بەشدار بوون و بەندەکانی پەیماننامەکەیان پەسند کرد.
پێش مۆركردنی سیڤه‌ر، بڕیار ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردستان بكرێته‌ به‌شێك له‌ ئه‌رمینیا یان توركیا و مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ته‌واوه‌تیان پێ بدرێت، كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فوراته‌وه‌ تا سنووره‌كانی ئێران درێژ ده‌بووه‌وه‌، به‌ڵام نوێنەرانی کورد لەوانەش شه‌ریف پاشا، بەمە ڕازی نەبوون. شەریف پاشا پێشتر به‌رپرسێكی باڵای عوسمانییه‌كان بوو. لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکە هه‌مووان ڕازی بوون كه‌ مافی ده‌وڵه‌ت بە کۆمەڵێک مەرجەوە بە کورد بدرێت.
پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی گشتگیر و بەرفراوان بوو کە لە سەر زۆربەی پرسەکانی پێوەندیدار بە ئیمپراتۆری ڕووخاو بە ماددەی تایبەتیی کێشەکانی یەکلایی کردبووەوە. ئەوەی زیاتر پێوەندی بە کوردەوە هەبوو سێ مادەی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بوون.
بەگوێرەی مادەی ٦٢ لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئیستانبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت، لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵات و مافە بۆ کورد شەش مانگ دیاری دەکرێ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا و ئەو شوێنانەی دواتر دەستنیشان دەکرێن. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سووریا و عێراق، دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەم و سێیەمی بڕگەی دووی بەندی ٢٧دا هاتووە. بەڵام لە کاتی ڕێکنەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیجنەکە حکوومەتەکانیان ئاگادار دەکەنەوە. پێویستیشە ئەم پڕۆژەیە گەرەنتیی تەواوی مافەکانی کلدان و ئاشووری و کەمایەتی و ڕەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانە بکات، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی ڕاستکردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیاش بڕیار بدرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری ئاماژە پێکراو، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت.
وەک لە مادەی ٦٣ دا هاتووە حکوومەتی عوسمانی، پەیمان دەدات لە ماوەی ٣ مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنە، کە لە بەندی ٦٧دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات.
بە پێی مادەی ٦٤ ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەستنیشانکراوانە، کە لە بەندی ٦٢دا هاتوون، داوایەکیان پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیا ببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پەسندی بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو داوایە جێبەجێ بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی لەو ناوچانەدا دەبێت، ئەم دەستبەرداربوونەش بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەستبەرداربووندا، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمان، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن.
لە ساڵی ١٩٢٣ بەهێزبوونی زیاتری کەمالیستەکان لە تورکیا، بووە هۆی ئەوەی پەیماننامەیەکی تر ئیمزا بکرێت کە بە پەیماننامەی لۆزان ناسرا و بە پێچەوانەی سیڤەر بە هیچ شێوەیەک باسی لە مافی کورد نەکرد و دواجار کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕووخاوی عوسمانی بەسەر هەر سێ وڵاتی تورکیا و عێراق و سووریا دابەش بوو.
لەو کاتەوە کورد بە دەیان شۆڕش و ڕاپەڕینی کردووە بەڵام زۆربەیان سەرکوت کراون هەر چەندە دەستکەوتیش لە قۆناغی جیاواز بەدی هاتوون بەڵام هیچ کامێکیان بە دروستکردنی دەوڵەت کۆتاییان نەهاتووە. هەر چەندە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران کۆماری کوردستان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی لە ساڵی ١٩٤٦ دروست بوو کە ئەویش دوای ١١ مانگ ڕووخێنرا.
لە تورکیاش دۆزی کورد بەشێوەی پێویست نەچووەتە پێش، لەو پارچەیەی بە عێراق بڕاوە، هەرێمی کوردستان دروست بووە بەڵام سەرەڕای دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیی دەستووری، بەغدا و نەیارانی بۆ لەناوبردنی ئەم دەستکەوتانە تێدەکۆشن و دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن و ئەو مافە کەمەش بە ڕەوا نازانن.