پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سامان ڕەشید:هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای شاری کەرکووکتێک بدرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەرەبەکانی دەرەوەی کەرکووک بۆ بەشدارییی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە لێشاو ناوی خۆیان بۆ سەنتەری شار دەگوازنەوە. بەگوتەی لایەنە کوردستانییەکان ئەوەی عەرەب دەیکات جێگەی گومانە و ئامادەکارییە بۆ ساختەکاری. سامان ڕەشید، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: عەرەبەکان دەیانەوێت دیموگرافیای شارەکە بگۆڕن و زۆرینەی دانیشتوانی سەنتەری شاری کەرکووک ببێتە عەرەب.

ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن دەنگدەر دەکرێت.
لە ٤٣ بنکەی تۆماری دەنگدەران پەنجا و پێنج ھەزار کەس ناوی خۆیان لە سنووری حەوێجە و دەرەوەی کەرکووک بۆ سەنتەری شار گواستۆتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، ھاتنی بە لێشاوی عەرەب و گواستنەوەی ناوەکانیان بۆ کەرکووک ناسروشتییە و لایەنە کوردییەکان بە گومانەوە لەم ھەنگاوە دەڕوانن و وەک ھەوڵ و پلانێکی عەرەبەکان بۆ ساختەکاریی دەبینن.
ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ چەند ساڵی داھاتووی شارەکە چارەنووسسازە و ھەر یەکە و ھەوڵی ئەوە دەدات لە بەرژەوەندیی پێکھاتەکەی خۆی یەکلا بکاتەوە، چونکە بەدەستھێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە مانای بردنەوە و نیشاندانی ھێز و گەیشتن بە ھەرەمی دەستەڵات دێت تا لەو ڕێگەیەوە خاوەنداریەتیی شارەکە بکات.
لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی شاری کەرکووک خراپ بووە و کێشە و گرفتەکان زیادیان کردووە و دیاردەی چەکداری و سەربازیی تێدا پەیدا بووە، ئەمەش خزمەتی بە ھاووڵاتییانی شارەکە نەکردووە و ئارامی و خۆشگوزەرانیی تێدا نەھێشتووە. ھاووڵاتییان داوا دەکەن بارودۆخی شارەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ئێستە ژیان لە شارەکە زەحمەت و قورسە.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ کرا. حیزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست، بە ناوی لیستی برایەتی بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکەدا کرد و توانییان لە کۆی چل و یەک کورسی، بیست و شەش کورسی بەدەست بھێنن. حیزبە تورکمانییەکان توانییان نۆ کورسی و عەرەبەکانیش توانییان شەش کورسی بەدەست بھێنن، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ژمارەی کورسییەکان لە چل و یەک کورسییەوە بۆ شازدە کورسی کەم کراوەتەوە.
سامان ڕەشید، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: لایەنە عەرەبەکان دەیانەوێت دەنگدەرێکی زۆری عەرەب بێنە ناو کەرکووک، بۆ ئەوەی دیموگرافیای شارەکە بگۆڕن، دەبێت سنوورێک بۆ ئەو بابەتە دابنرێت، چونکە ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ ئایندەی کەرکووک و ترسمان لەوە ھەیە دەرئەنجامەکەی وای لێ بێت زۆرینەی سەنتەری شاری کەرکووک ببێتە عەرەب.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی ناوی خۆی لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە و لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەن، ئەو لایەن و ھێزە سیاسییانەی پارتی لەگەڵیان دەچێتە ناو پڕۆسەی ھەڵبژاردن، لایەن و ھێزی نیشتمانین و کاریگەریان ھەیە و ژمارەیان زۆرە و دژی خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەرن و ھەڵوێستییان لە ھەڵوێستی پارتی و کورد دەچێت.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ ھەموو لایەک دەیسەلمێنێ چەند بەرگری لە کەرکووک و کەرکووکیەکان کردووە، ھەڵوێستی خەڵک و دەنگدەرانی کەرکووکیش لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو بەرز دەنرخێنین و ھەڵوێستی پارتی بەگشتی و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوودا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە چەندە بەرگری لە کەرکووک کردووە، پارتی لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە بەھێزەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات.