ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بەشی تەكنیك و فێركاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، بەپێی پلانێكی پێشوەختە و بەرنامە بۆداڕێژراو و ھەروەھا لە درێژەی پلان و بەرنامە فێركارییەكانی خۆیدا، بەرنامە و قۆناغێكی تری فێركاری شاخەوانیی سەخت و جدی لە چیای “ھەڵگورد”، بەشێوەی پراكتیكی بۆ دەرچووانی خولەكانی پێشووتری زنجیرە خولەكانی پەیوەست بە “ڕێبەری كوێستان” بەڕێوەبرد.
لە چوارچێوەی بەرنامەكانی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی ڕێبەرانی كوێستاندا، بەشی تەكنیک و فێركاریی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، بەرنامە و قۆناغێكی دیكەی فێركاری شاخەوانیی ماوە دوورودرێژی بۆ قۆناغی یەكەمی ڕێبەرانی كوێستان لە چیای ھەڵگورد و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی “د. ئەنوەر عەلی محەمەد” سەرۆكی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان و ھەروەھا سەرپەرشتیاری بەشی تەكنیک و فێركاریی فیدراسیۆن ڕێک خست.
بەپێی ئەم پلانە، ئەو خولە چەندین بەشی جیاواز لەخۆی دەگرێت؛ بەشێكی تیۆری و فێركردنی زانست و تەكنیكەكانی بواری شاخەوانین، بەشێكیشیان ڕێكخستنی خێوەتگە و گەشتی تەكنیكی و تیمین كە بەشێوەی پڕاكتیكی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێن لە شاخ و ناوچە كوێستانییەكاندا. ئەم گەشتە سێهەم گەشت و بەرنامەی فێركاری بوو كە لەو ماوانەی پێشوودا و لە چوارچێوەی پرۆسەی”ڕێبەری كوێستان”دا بەڕێوە دەچێت و بەشداربووانیش ئەو كەسانە بوون كە لە تاقیكردنەوەكانی پێشووتری زنجیرەخولەكانی پەیوەست بە (ڕێبەری كوێستان پلە٣) دەرچووبوون.