عومەر چنگیانی
گۆشەی ئیمڕۆمان پوختەی گوتاری پێشنیازکراوی هەینی ڕابردوومان بوو کە ڕێزدار مامۆستا وەزیر باپیر ئەندامی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی کورداندبووی و ئێمەیش وێڕای ئەوەی کردمانە توێشوووی گوتاری ژمارە ٢10مان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا لە 1٧ی محەڕەمی 1٤٤٥ بەرانبەر بە ٤ی ئابی ٢0٢٣ ئەو بەڵگە پیرۆزانەی ئایەت و فەرموودە کە لە تێکستەکەدا دەیهێنینەوە بە پێی تیگەیشتنی خۆم لێیان وەرم گێرانە سەر زمانی کوردی.
بەرایی: خواگیان لە ٢٦٩هەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا لە میانەی باسی گەورەیی خۆیدا
دەفەرمێت: (خوا گیان حیکمەت و دانایی دەبەخشێتە کەسێک کە خۆی ویستی ئەڵڵای لەسەر بێت و هەر کەسیش دانایی پێ دریابێت، ئەوە خێرێکی زۆری پێ دریاگە).
هاوکات محەمەدی پەیامگەیێنیش دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت باس لەو خوو و ئاکارانە دەکات کە دەکرێ مرۆڤ ئێرەییان تێدا بدات دەفەرمێت: (ئێرەییبردن تەنها لە دوو کات و بۆ دوو کەس ڕەوایە، کەسێک خوای گەورە سامانیکی پێ بەخشیبێت و لە پێناو سەرخستنی هەق و هەقپەروەریدا خەرجی بکا و، پیاگێکیش کە خوا داداناییەکی پێ بەخشیبێت هەم پیادەیشی بکا و هەمیش بیگەیێنیت بە خەڵکی و وەک زانستێک بڵاوی
بکاتەوە). حیکمەت: حیکمەت یاخود دانایی بریتیە لە دانانی هەر شتێک لە شوێنی خۆی، یان بریتیە
لە و زانستەی کە ئەوپەڕی خوداناسی و چاوکراوەیی و زیتەڵی و دەروونپاکی و بەدەستخستنی هەق و ڕاستی و کارکردنە پێی و بەرەنگاربونەوەی کاری خراپ و قێزەونە.
لە دینی ئیسلامدا فەرمانمان پێ دراوە کە ئامۆژگاری و بانگەواز بە حیکمەتەوە بکەین، ئیمانداری ڕاستەقینە هەمیشە بە دوای حیکمەتدا دەگەڕێ بۆ گەیشتن بە بەها باڵاکان و نزیکبوونەوە لە ڕاستییەکان و، بەرەوکەماڵچوون، چونکە حیکمەت و دانایی دەستکەوتی ئیماندارە لە هەرشوێنێک دەستی بکەوێ شایستەترین کەسە پێی. سوودەکانی دانایی دانایی کۆمەڵێک سوودی هەیە؛ لەوانە:
یەکەم/ جێبەجێکردنی فەرمانی خودای گەورەیە و هۆکارێکە بۆ سەرکەوتنی شەریعەتەکەی و ڕێنماییکردنی دروستکراوەکانی و ڕێگای بانگەوازە بۆ لای خودا.
دووەم/ دانایی، مرۆڤ ڕێنمایی دەکات بەرەو چاکسازی و سەرکەوتن و خێری دنیا و قیامەت؛ مرۆڤ دەپارێزێ لە کردنی کاری نەشیاو یان گوتنی یان کردنی کارە یاساغکراوەکان.
سێیەم/ دانایی بەڵگەی ژیری مرۆڤە و پشتیوانی مرۆڤە لە پێکانی گوفتارەکان و ڕاستی کارەکان و تاجی شکۆ بەخاوەنەکەی دەبەخشێ لە هەردوو دنیا.
چوارەم/ خەڵاتی خودای میهرەبانە و تەنها دەیبەخشێتە ئەوانەی خۆی مەشیئەتی لەسەریەتی و بە هۆیەوە باوەڕدار چاوکراوە و دڵساف و خاوەن گیانێکی پاک دەبێ، دانایی یەکێکە لە خوو و ڕەوشتە باڵاکانی پەیامبەرانی خودا و پیاوچاکان و زانایان و بانگخوازانی ڕێگای خودا.
دانایی لە ژیاندا 1. جۆرەکانی دانایی دڵدانایی؛ دانایی لە دڵدا: داناییەکی مرۆڤ ئەوەیە زاڵ بێ بەسەر بیروهزریدا و، نەهێڵی خوتورەی خەراپ هەڵسوکەوتی هەڵەی پێ بکا؛ دانایی، مرۆڤ پەیوەند دەکا بە کۆمەڵێک بنەماوە کە بەرەو ڕەزابوونی خودایی و چاکسازی لە دنیادا دەیبات.
گوفتاردانایی؛ دانایی لە گوفتاردا: دەربڕینی مرۆڤ لە کاتی قسەکردندا ئەگەر هاوسەنگ نەبێ بە تەرازووی دانایی ئەوا دەبێتە بار بەسەر خاوەنەکەیەوە.
کرداردانایی؛ دانایی لە کرداردا: هەرکات مرۆڤ خاوەن هزر و گوفتارێکی هاوسەنگ بوو، ئەوا دەبێ زیاتر و زۆرتر کردارەکانی هاوسەنگ بێ، چونکە کرداری مرۆڤ هەم بنیادنەرە و هەمیش ڕووخێنەر، هەرکەس لە دنیا بە داناییەوە کردارەکانی جێبەجێ کرد، هەرگیز پەشیمان
نابێتەوە، نە لە دنیادا نە لە قیامەتا. ٢- دانایی بۆ کێیە: دەبێ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بزانێ کە دانایی فێربوونی واجبە و دەبێ کاریشی پێ بکرێ؛ دانایی تەنها بۆ زانایان و بانگخوازان نیە بە تەنها، بەڵکو دەبێ پزیشک و مامۆستا و ئەندازیار و هەموو خاوەن پیشەیەک و تەنانەت هەموو خەڵکی بیزانن و فێری ببن. ٣- دانایی لە تەواوی لایەنەکانی ژیاندا: دانایی سەراپای ژیانی ماددی و مەعنەوی داگیر دەکا، لە ژیاندا ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە کە نازانین چۆن چارەسەری بکەین، ناکرێ بشڵەژێین و سەرگەردان دابکەوین و لە بەرپرسیارەتی هەڵبێین و، لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە خۆمان بە خەڵکانی تر بەراورد بکەین، بەڵکو دەبێ کێشەکانمان بە حیکمەت چارەسەر بکەین.