دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەڵگەفیلمی کۆبانێ لە قۆناغی ئامادەکردندایە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەڵگەفیلمی کۆبانێ، بەرهەمی بەشی دیکۆمێنتاریی سەتەلایتی کوردستان تی ڤی، لە قۆناغی ئامادەکردندایە و، وێنەهەڵگرتنەکەی خەریکە تەواو دەبێ و، پاشان دەست بە کاری مۆنتاژ دەکرێت.

عەدنان شەریف دەرهێنەری ئەم بەڵگەفیلمە بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: ئەم فیلمە باس لە بەشداریکردنی پێشمەرگە دەکات لە شەڕی داعش، باس لەو داستانە مێژووییە دەکات کە بە بڕیاری “سەرۆک بارزانی” پێشمەرگە بەشداری شەڕی داعشی کرد لە کوردستانی ڕۆژئاوا، لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریان دا بۆ بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا.
داعش نزیک بوو بە تەواوی شاری کۆبانێ داگیر بکات، دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی بڕیاری دا پێشمەرگە بنێرێتە کۆبانێ و بەشداری ئەو شەڕە بکەن بۆ رزگارکردنی کۆبانێ، پاش گەیشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، شەڕەکە پێچەوانە بووەوە و پێشمەرگە سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
عەدنان شەریف دەیشڵێت: ئەم فیلمە باس لە ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکات، ئەوانەی بەشداری شەڕەکەیان کردووە هەموویان باسی داستانەکە دەکەن، لە سەرەتای بەشداریکردنیان تا کۆتایی شەڕەکە و سەرکەوتنی پێشمەرگە. هەروەها چەند لیوا و پلەدراری پێشمەرگە بەشدارن لە فیلمەکە و هەریەکەو باسی ڕۆڵی خۆی دەکات، هەروەها بنەماڵەی شەهید زێرەڤان، ئەوانیش باس لە ڕۆڵی کوڕەکەیان دەکەن کە یەکەم شەهیدی پێشمەرگەیە لە کۆبانێ؛ لەگەڵ ئەرشیفی پێشمەرگەکان خۆیان، کە بەشداری شەڕیان کردووە و خۆیان وێنەکانیان گرتووە.
کوردستان تی ڤی، بە ستافێکی پڕۆفیشناڵ ئەو کارە دەکات، بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەفیلمی وا، بۆ مێژوو بمێنێتەوە.