چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

جووتیارێک لە ڕێگەی (یوتیوب)ـەوە ئامێرێكی کشتوكاڵی دروست دەكات

مەزهەر كەریم – سلێمانی

كەریم جەلال، دوای چەندین بیركرنەوە و خەیاڵ و بینینی ئامێری كشتوكاڵی لەڕێگەی یوتیوبەوە، ئێستا لە گوندەکەی خۆیاندا، ئامێرێكی كشتوكاڵی دروست كردووە و کشتوکاڵی ڕۆژانەی خۆی پێ دەكات.

ئامێرەكە هاوكاریەكی باشی جووتیار دەكات لە خانووی پلاستیكیدا دەستی كاری دە ڕۆژی كرێكارێك بە ڕۆژێك رایی دەكات. وەك خاوەنەكەی دەڵێت “پێش ئەوەی ئەو ئامێرەم هەبێت كارەكانم زۆر گران دەیدا بەدەستەوە؛ ئەگەر رۆژێك (با) هاتبا، نەمدەتوانی كار بكەم، بەڵام ئێستا تەنها دوو كەسی بەسە و ماوەیەكی كەمیش دەبات”.
ئەم ئامێرە تەنها بۆ خانووی پلاستێكی بەكار دەهێنرێت؛ دوو تایەی لەژێردایە و بە بۆری و لوولەی ئاسن لاشەكەی دروست كراوە. لە بەشی سەرەوەی خولخولۆكەیەكی پێوەیە نایلۆنی پێوە هەڵدەواسرێت. ئامێرەكە بە دوای تراكتۆردا ڕادەكێشرێت؛ كاری ئەوەیە نایلۆن بەسەر زەوییەكەدا ڕادەخات و بە دوو دەمە تیژەکەی، هەر چل سانتیم مەترێک زەویەكە كون دەكات تا تۆوی تێدا بنێژرێت. لە هەمان كاتدا لەڕێگەی دوو دەستی شێوە چەماوەوە كە لە زەویەكە غیر دەبن، گڵ دەداتەوە بەسەر لێواری نایلۆنەكەدا. هەروەها، سۆندەی ئاودێرییش بەسەر زەوییەكەدا ڕادەكێشێت. بەم شێوەیە لە ماوەیەكی كەمدا و بە كەمترین دەستی كار نایلۆنەكە و سۆندەی ئاودێریەكەش ڕادەكێشرێت؛ سوودی نایلۆنەكە ئەوەیە ڕێگە لە بژار دەگرێت و پاشانیش كە ڕوەكەكە دەڕوێت و بەرهەمی دەبێت بەسەر نایلۆنەكەدا بڵاو دەبێتەوە و بەر خاكەكە ناكەوێت. سۆندەكەش بە شێوەیەكی گونجاو ئاوی ڕووەكەكە دەدات و كەمترین ڕیژەی ئاو بەهەدەر دەچێت.
خاوەنی ئامێرەكە باسی تێچووە هەرزانەکەی ئامێرەكەی دەكات، كە دوای چەند جارێك دەستكاریكردن و زیاد و كەمكردنی پارچەكانی تەنها نرخی پێنجسەد هەزار دیناری چاپی نوێی عێراقی تێچووە؛ مەوادی بۆ كڕیوە كە هەقدەستی وەستای ئاسنگەر و لەحیمی دەچێتەر سەری.
ئەم ئامێرە كارئاسانییەكی زۆر بۆ جووتیاران دەكات، بە تایبەت ئەوانەی كێڵگەی سەرداپۆشراویان هەیە. بە وتەی خاوەنەكەی ئەوە یەكەم جارە بەو شێوەیە و لەو جۆرە ئامێرە لە كوردستان دروست بكرێت بیرۆكەكەشی لە (یوتیوب)ـەوە وەرگرتووە.
ڕۆژانە جووتیارانی گوندەكانی سنووری شارباژێڕ سەردانی چنگیان دەكەن بۆ بینینی ئامێرەكەی كەریم جەلال.
دەڵێت “ئەم ئامێرە تەنها بۆ خانووی پلاستیكی بەكار دەهێنرێت؛ ماوەی چەند ساڵێک دەبێت خانووی پلاستیكی هاتۆتە گوندەكەمان لە ناوچەی شارباژێڕ و گوندی چنگیان؛ ئەم ئامێرە بەكارهێنانی زۆر ئاسانە و قورس نییە.