پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كە‌وڵكردنی كورد

زكری موسا

دەكرا ڕاگەیاندنەکان سەکۆیەکی گرنگی هێزی هەرێمی كوردستان بان. هەرێمی كوردستان لەچاو ڕێژەی دانیشتوان و ئەندازەی جیۆگرافیاكەی بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەری زۆرترین ڕاگەیاندنی هەیە. بە داخەوە ئەو ڕاگەیاندنە بەرفراوانە لەبری خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەرێم و هاووڵاتیان بووەتە ئامرازێك بۆ كەوڵكردنی كورد لە شانازییەکانی و پەرەپێدانی ناكۆكی و پەرتەوازەیی و دژایەتیكردنی خودی كوردستان و، ئینجا شێواندنی باری دەروونی خەڵك و برەودانی نالایەقی و ئاستنزمی و هۆشیاریی سەتحی و پەروەردەی نادروست و دەمهەڕاشی. دەبووایە ئێستا ڕاگەیاندنەكان بەهێزترین چەكی بەر دەستی هەرێمی كوردستان بان بۆ بەرگریكردن لە كیانی هەرێم و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرپەرچدانەوەی ئەو شەڕە دەروونییە پان و بەرینە كە لە ناوچەكەدا لەدژی كورد لە ئارادایە. ئێستا ڕاگەیاندنی كوردی هاوشان لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی تری ناوچەكە بەشدارە لەشەڕی تێكشكاندنی مرۆڤی كورد.