چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزارەتی تەندروستی چوار دەرمانخانەی شاری هەولێری داخست

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی چوار دەرمانخانەی شاری هەولێری داخست بەهۆی بوونی دەرمانی قاچاخ و نایاسایی و بێ سەرچاوە.

ئەمڕۆ شەممە 05ـی 08ـی 2023 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پاڵپشت بە ڕاسپاردە و بڕیاری لێژنەی لێکۆڵینەوە بە چاودێری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، بە هۆکاری بوونی دەرمانی قاچاخ و نایاسایی و بێ سەرچاوە چوار دەرمانخانە لە شاری هەولێر داخران.

وەزارەتی تەندروستی ناوی دەرمانخانەکانی ئاشکرا کردووە و باسی لەوە کردووە کە ئەم دەرمانخانانە کارەکانی پیشەی دەرمانسازیان بۆ ماوەی شەش مانگ ڕادەگیرێت، کە ئەمانەن:-

دەرمانخانەی ئەمیر

دەرمانخانەی بیمار

دەرمانخانەی هاوس فارما

دەرمانخانەی پەخشان

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشک (KMCA) هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لە بەردەوامی چاودێریکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و ڕێگەگرتن لەهەر دەرمانێکی نایاسایی و نافەرمی و دوور لە پەسەندکراوی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش دراوە کە “هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە دووربن لە  بەکارهێنانی دەرمانی بێ سەرچاوە و بێ ستیکەر، هەروەها لەڕێگەی هێلە گەرمەکانی پەیوەندیکردن تیمەکانی چاودێری بازاڕی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێکار و سزای یاسایی لەبەرامبەر هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک.