ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨/١١/٢٠٢١ی زایینی و بە چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکیەتی نووسەرانی کورد ـ لقی هەولێر، ساڵیادی گەورە شاعیری کورد جەلال مەلەکشای لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر بەڕێوە برد.
لە مەراسیمەکەدا سەرەتا عەبدولڕەحمان فەرهادی دوای ئەوەی بە ناوی سەرۆکی حکومەت و یەکیەتی نووسەران بەخێرهاتنی میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شاعیر جەلالی مەلەکشا کرد، لە وتارێکیدا گوتی “بەداخەوە ساڵێک لەمەوبەر شاعیری ئازادیخوازەی کورد دەلال مەلەکشا لە شاری سنەو لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیانە کرد. مەلەکشا یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی نەوەی دووەمی شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”.
دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێریش لە وتارێکیدا گوتی:
بە ناوی پارێزگای هەولێر بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ پایتەختی کوردستان و زۆر بە گەرمیش بەخێرهاتنی ئەو ئازیزانە دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی نیشتمان و شارەکانی هەرێم لێرە ئامادەن. ئەمڕۆ هەولێر بە شکۆوە یادی یەکێک لە شکۆمەندەکانی گەلەکەمان دەکاتەوە کە لەسەر داوا و پێنشنیار و چاودێری ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت. هەولێر شانازی بەوە دەکات کە ئەمڕۆ ماراسیمێکی نیشتمانییانە بۆ قەڵەمێکی ئازاد و بیرکدرنەوەیەکی ئازا و پیاوێکی تووڕە و یاخی لە ستەم و وەک پەپوولە پڕ بەرائەت بۆ نیشتمان و کەسێکی شۆڕشگێر و ئازادیخواز بەڕێوە دەبات کە هەمیشە وێنە شیعرییەکانی لە زاکیرە و بیری ئینسانەکان دەمێنێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت، ڕێزگرتنە لە ئازادیخوازان، لە شیعر، لە ئەدەب و لە قەڵەم و بوێری ئەو ئینسانە بوێرانەی کە هیچ شتێک ناتوانێ ئیرادەی بەهێزیان تەسلیم بکات، بەڵکو هەڵوێت و تێڕوانینەکانیان مانا و مەدلوولی ئاایخوازانەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەمڕڵاۆ تەقدیرکردن وڕێزگرتنی گەورانێکە لەبەر بەخشش و داهێنانیان.
ئەو مرۆڤێک بوو لە توخمی جاربەڕوو و پشکۆیەک بوو لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و ئازادیخوازی و هەڵویست نیشاندان، بۆیە ئێمەش وەک خەڵکی کوردستان و هەولێر بە شکۆوە لەبەرامبەری دەوەستین و ئەم مەراسیمە بەڕێوە دەبەین. تەنیا تەماشاکردنی ناونیشانی کتێبی “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان” ئەو مانا و مەدلوولە لە تێفکرین و ئازایەتی ئەو پیاوە گەورەیە نیشان دەدات کە هەڵوێستە بەرامبەر نیشتماتن و وەستانەوەیە بەرامبەر زۆرداری. قەڵەمی ئەو چەکێکی کاریگەر بوو بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان.
سالار عوسمان بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە وتەیەکیدا گوتی:
لە کوێوە دەست پێ بکەین،
لە خەمی نیشتمانەوە یا لە خەمی شیعرە کەڵەگەتەکانی مەلەکشاوە
لە کوێوە دەست پێ بکەین،
لە چیرۆکی پڕ سیحری جانتای کاوە و سنە و سلێمانییەوە یا لە نایەکڕیزی کوردان
لە کوێوە دەست پێ بکەین،
لە دڵی گەرمی قەڵاتی هەولێرەوە یا لە قژی تەڕی ئاویەرەوە
لە کوێوە دەست پێ بکەین،
لە نێو خەم و ناسۆری دواکۆچی مەلەکشاوە یا لە خۆشی ئەم جەمعە لە ئازیزان کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لێرە ئامادەییان هەیە.
دەرفەتم پێ بدەن بە ناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی هەمووتان بکەین، بەتایبەت ئەوانەی لە دیاسپۆرا و ڕۆژهەڵات و لە بۆکان و سنە و شارەکانی هەرێمی کوردستان هاتوون. لە پاڵ پەیڤی بەخێرهاتن، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگ و مانادارە لە ژیانی کلتووری لە کوردستان کە لەگەڵ خۆیدا پەیامگەلێکی سیاسی هەڵگرتووە، ڕۆژێکی گرنگە چونکە ساڵیادی شاعیرێکی گەورەیە، لە ڕووی سیاسی و نیشتمانییەوە ڕۆژێکی مانادارە چونکە سنە لە هەولێرە و لە ماڵی خۆیدایە و هەولێر دەست بە سەری سنەدا دێنێت.
بە سوپاسەوە لقی هەولێری یەکیەتی نووسەران ـ لقی هەولێر، کارێکی کرد کە بە قووڵی دەچێنە نێو لاپەڕەکانی دیرۆکەوە و لەگەڵیدا مانایەکە پێشکەش بە نەوەیەک دەکات، نەوەیەک کە ئێستا هەندێکیان تووڕەن و لەسەر شەقامەکانن، پێیان دەڵەین توڕەییەکانتان بە شیعرە نیشتماتنییەکانی مەلەکشا بسپێرن، ئەگەریش تووڕەن بە هێمنییەوە داواکارییەکانتان پێشکەش بکەن.
دواتر فیلمێکی دیکۆمێتاری کە لە لایەن کوردستان ٢٤ـەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا، لە دیکۆمێنتارییەکەدا مەلەکشا لە هەولێر بوو و لەبەردەم قەڵا و لە کاتی پێدانی گەنم و دان بە کۆترەکانی بن کاتژمێرەکەی قەڵا، باسی شیعرەکەی کاوە و لەدایکبوونی خۆی و شێوازی شیعر و چیرۆکی خۆی کرد. پاشان تیمێک لە دەفژەنان، بە ژەنینی چەندین ئاوازی تایبەتی کوردانە، یادەکەیان زیاتر جۆش دا.
نووری بێخاڵی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە نێو بەشداربووانی هۆڵەکەوە بە شیعرێکی جەلال مەلەکشا هاتە سەر ستەیج و گوتی:
من کە پەیمانم لەگەڵ ڕۆحی هەتاوا بەستووە
ناز و خەمزەی وردەتیشکی ناوبەناوم بۆ چییە
من موریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم
نووری ڕوخسارم دەوێ شەمعی شکاوم بۆ چییە
میوانانی بەڕێز دووبارە بەخێربێن بۆ ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شاعیری ئاویەر. خۆشەویستان ئەورۆ ئێمە لێرەین تا ڕێز لە وشە و هاوار و هەڵوێستەکانی شاعیرێک بگرین کە تەواوی تمەن و ژ یانی خۆی کردە نەزری ئازادی کورد و سەربەخۆیی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافی چەوساوەو بەشخوراوان. ئەمڕۆ ئێمە لە حزوور وێنەیی جەستەیەکی لاوازداین، لەڵام لەبەردەم جوامێر و شاعیرێکداین کە تا ژیان بۆ کورد و ئازادیو کودستان ژیا. سەرەنجێکی وێنەی مەلەکشا بدەن، جەستەیەکی لاواز و شەکەت کە ڕێ: ڕەنگدانەوەیی ڕۆجحی برینداری ئەو و ئاوێنەنمای دڵی شەکەتی ئەوە، ڕۆجێکی بریندار کە خوێنی ژێردەستەیی نەتەوەکەی لێ دەڕژێت و ئێمە یادی جوامێرییەکانی دەکەینەوە. قسەکردن لە سەر جەلالی مەلەکشا زیاتر لەوە دەکێشێت. لێرە دوو توێژەری خۆشەویستمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەگەڵەن کە هەردووک نزیکی مامۆستا جەلالی مەلەکشا بوونە کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: مامۆستا ڕەحیمی لوقمانی نووسەر و شاعیر ـ توێژینەکەی لە ژێر ناوی “جەلا مەلەکشا شاعیری گەل و نیشتمان”ـە.
دووەم: دکتۆر عەدنان بەرزنجی نووسەر و وەرگێڕ ـ توێژینەکەی لە ژێر ناوی “جەلا مەلەکشا و شیعری هاوچەرخی کورد”ە.
ڕەحیمی لوقمانی نووسەر و شاعیر باسی لە پلەی بەرزی شیعری مەلەکشا کرد و گوتی:
ئاڵوگۆڕی نێو ئەدەبیاتی کوردی جیاوازە لە ئەدەبیاتی وڵاتانی تر. ئەگەر وڵاتانی دیکە بە دوای ئاڵوگۆڕی نێو ئەدەبیاتەوە بن، بۆیان ئاسانە چونکە دەسەڵات و حاکمیەتەکەیان لە خۆیان و لە جنسی خۆیان بووە، بەڵام لە کوردستان شێوازێکی تری هەبووە. کە گۆرانی شاعیر دەستی بە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی کرد، سەرەڕای ئەو شتانەی توانی بیانگۆڕێت، ئاڵۆزییەک و نیگەرانییەک و سەرکێشییەک کە لە شیعری گۆران دیارە، لە شیعری نیما و نازم حیکمەت و نازکولمەلائیکە نابینینەوە، هۆکارەکەشی کوردستانە. بۆ نمونە: کە گۆران شیعر نوێ دەکاتەوە کێشی عرووزی کە تایبەتی عەرەبە دەستی لێ هەڵدەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ کێشی بڕگەیی کە تایبەتی گەلی کوردە. بەم شێوەیە دەیهەوێت ناڕەزاتیی خۆی دەرببڕێت بەرامبەر ئەو بێ ڕێزییەی بە کورد دەکرێت و لە نێو دڵی ئەدەبیاتیشەوە ئەو شۆڕشە دەست پێ دەکات. دواتریش لە ڕۆژهەڵاتەوە شاعیری جوانەمەرگ سوارەی ئیلخانیزادە کە شیعر نوێ دەکاتەوە هاوارەکانی لەسەر ناڕەزایەتی و نایەکسانییەکانە کە بەرامبەر گەلەکەی دەکرێت، بەڵام جیاوازییەک لە نێوان گۆران و سوارەدا هەیە ئەوەیە کە سوارە لەسەر کێشی عرووزی شیعری کوردی نوێ دەکاتەوە، بۆیە لێرەدا دەمەوێت سوارەرو گۆران وەک ئەڵقەیەک بە جەلالی مەلەکشاوە پەیوەند بدەم، چونکە جەلالی مەلەکشا هەروەک گۆران درێژە بە شیعری نوێی کوردی لەسەر کێشی بڕگەیی دەدات و وەک سوارەش دووبارە لەو چوارچێوە کێشە عرووزییەکەدا کاری گەورە ئەنجام دەدات.
دکتۆر عەدنان بەرزنجی نووسەر و وەرگێڕیش کە خۆی بە هاوڕێی کۆنی جەلال مەلەکشا لەقەڵەم دا، گوتی:
لە ناو گڕ و کڵپەی پڕ ئازاری ئەم دۆزەخەدا دەسووتێم و هەڵدەقرچێم، بەڵام ناتوانم بەجێی بهێڵم. ئەو بەهەشتە شارد و سەربەستە بۆ ئێوە بەکامتان بێت، من هەر لەم دۆزەخە هەست بە بوونی خۆم دەکەم و ئارام دەگرم. سوپاس بۆ هەموو لایەک بۆ ئەم دەرفەتە و ئەمەکداری و وەفادارییان بۆ شاعیران و نووسەرانی کورد کە سامانی فەرهەنگی میللەتێکن. وەک هاوڕێیەکی ٤٠ ساڵ لەمەوپێشی کاک جەلال کە نزیکایەتی شیعری و دۆستایەتیمان هەبووە، لێرە تەنیا پێی دەڵێم: شاعیرە خۆشەویستەکەی گەل و نیشتمان، ئەو ڕۆژگارە پڕ شەوگارە کە تاریکستان بەردەوام بەرۆکی ڕووناکی دادەڕی و هەتاوی چاوترساو هەموو ڕۆژی بە شەقەی باڵی پۆلە کۆتری سووری قەمەری دڕاند بە زریکەوە چاوی خوێنتەزاوی هەڵدەهێنا، ئەو ڕۆژگارەی کە چنگی ڕەشی بێدەنگی ملی شاری گوشاری ئەدا و ڕەنگی ترس لێوی شەقامی تەقەڵ ئەدا، مەلی نەسرەوتیش شیعرەکانی تۆ لە تاریکستانی بەندی بێدەنگییەوە دەبوونە باڵی ئازار، لە چیای زامدارەوە دەبوون بە هاژەی باڵی هەڵۆی هاوار، لە گەرووی نیوەخنکاوی شارەوە دەبوون بە باڵندەی گۆرانی.
دوای پێشکەشکردنی کورتەیەک لە هەردوو توێژینەوەکە، نۆرە گەیشتە سەر پێشکەشکردنی چەپکەگولی ناوەندی حزبی و حکومی و فەرهەنگییەکانی باشووری کوردستان بە بنەماڵەی جەلال مەلەکشا و برا و خوشکەکانی چوونە سەر ستەیج و گوڵەکانیان یەک بە یەک وەرگرت. پاشان سێ کتێبی شاعیر چاپ کرابوون و درانە بەشداربووانی مەراسیمەکە کە ئەوانیش بریتی بوون لە:
یەکەم: زڕەی زنجیری وشە دیلەکان ـ کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی جەلالی مەلەکشا
دووەم: گوێژەڵ ـ چیرۆک، نووسینی مەحموود دەوڵەت ئابادی و وەرگێرانی جەلالی مەلەکشا
سێیەم: جەلالی مەلەکشا لە ئەدەبی کوردیدا ـ لێکۆڵینەوە بە پێنووسی کۆمەڵە نووسەرێک
جەلال مەلەکشا لە ڕێکەوتی ١٩/٣/١٩٥١ زایینی لە گوندی مەلەکشای شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوەتە دونیاوە. هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە و لە سەر هەڵوێستە شیعری و ئازادیخوازەکانی زیندانی و ئازار دراوە و لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١/١٠/٢٠٢٠ی زایینی و لە تەمەنی ٦٩ ساڵی و لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد و بەمەش ڕۆژهەڵاتی دەستەخوشکی باشوور و باکوور و ڕۆئاوا ڕەشپۆش بوو و لە هەموولایەکەوە و بە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و بە ئاڵای کورستانەوە تەسلیمی خاکێک کرا کە شیعری بۆ دەنووسی.