دوای نۆ ساڵ لە جینۆسایدکردنی خەڵکی شنگال و دەوروبەری، ھێشتا ناوچەکە نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی پێش داگیرکرانی. ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە و برینەکانی ئەو کارەساتە ھێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێ. نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەڵێت: حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە. دەیان گروپی چەکدار لە شنگال ھەن، کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکەو ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە.
نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدکرنی کوردانی ئـــــێـزدی تێدەپەڕیت
- ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێڕشی کرایە سەر و بەھۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێی ھێشتبوو، توانییان بە ماوەیەکی کەم ناوچەکە داگیر بکەن و ھەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی ڕووبەڕووی مەرگ و ئاوارەبوون بکەنەوە و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەکدارانە، پەنایان بۆ چیای شنگال برد و لە ھەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەمارۆدران و بێ ئاو و خواردن مانەوە؛ چەندین کەس بەھۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لە ڕۆژەکانی یەکەمدا مردن. چەکدارانی داعش فەتوای قڕکردن و داگیرکردن و کوشتن و بە کەنیزەککردنی ئێزدییەکانیان و حەفتا و سێیەمین فەرمانیان بەسەریاندا جێبەجێکرد.
٨٠%ی خەڵکی شنگال ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە
شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری ناوچەیەکی بە پیتن و لە ڕووی سەربازیشەوە پێگەیەکی ستراتیجی ھەیە، لەو ناوچەیەدا بەرلەوەی داعش ئەو کارەساتە دروست بکات، زیاتر لە چوار سەد ھەزار کەس نیشتەجیبوون کە ٧٠% یان کوردانی ئێزدی بوون و نزیکەی ٢٠% کوردی موسڵمان و ئەوانی دیکەش عەرەب و کریستیانەکان بوون، بەدرێژایی مێژوو ئێزدییەکان گەلێک کارەسات و تاڵی و زەحمەتییان بینیوە. ئەوان مەردانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە و ئایین و فەرهەنگ و بیروبڕوای خۆیان پاراستووە، بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، لە کۆمەڵکوژییەکەی شنگال دا شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە کەس کەوتنە ژێر دەستی داعش و تا ئێستە زیاتر لە سێ ھەزار و پێنج سەد کەس ڕزگارکراون.
تا ئێستە ٨٠%ی خەڵکی شنگال ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە. دۆخی ئەوان زۆر خراپە و حکوومەتی عێراقیش هاوکارییان ناکات. ئەوان دەڵێن:تا پەکەکە و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ئێمە بن، ئامادە نین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و ھەر لە ئاوارەییدا دەژین.
گروپە چەکدارەکان ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکەکە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە
تا ئێستە ئەو ھێزانەی لە شنگال و دەوروبەری ماونەتەوە وەک یەکێک لە کێشەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی دەڤەرەکە ناو دەبرێن. بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە، چەکدارانی پەکەکە و لقەکانی سەر بەو ڕێکخراوە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ھۆی سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن. چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە.
بەڵێنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕزگارکردنی شنگال
دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، سەرۆک بارزانی، بەڵێنی بە میر و ھاووڵاتییانی ئێزدی و کوردستان بە گشتی دا، کە شاری شنگال ڕزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەھیدانی ئێزدی لەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە.
دەستەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا زیاتر لە ساڵێکی خایاند، ڕۆژی ١٣/١١/٢٠١٥ ھێزی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی سەنتەری قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵ کردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ناوچەکانی ڕەبیعە و زوممار و سنوونێ و عەینزالە و دەوروبەری کۆنترۆڵ کرابوون. سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی ڕزگارکردنی شنگال لە پەیامێکدا وێرای پیرۆزبایی لە خەڵکی شنگال و ھێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لە ڕووی سەربازی و سیاسیی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا؛ ئەم سەرکەوتنە بە ھەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆیشت داگیرکار و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە. ئێستە گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەھاکانی مرۆڤایەتیشە.
سەرۆک بارزانی، گوتیشی: لەدوای داگیرکردنی شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزدییەکان ھات، ئامادە بووین ھەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر و ھەموو نرخێک بدەین کە شنگال ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بڕوا بەخۆبوون بۆ گەلی کوردستان و خوشک و برا ئێزدییەکانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەربکرێن.
تا ئێستە یەک خاڵ لە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەڵێت: خەڵکی شنگال نۆ ساڵە ئاوارە بوونە و لە کەمپەکاندا دەژین، زیاتر لە حەوت ساڵیشە ئیدارەی شەرعی لە شارەکە نییە، ئەوەش لەبەر ئەو گروپە چەکدارانەیە کە لە شنگال ھەن. داواکاری ئێمە و خەڵکی شارەکە ئەوەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچیان بۆ شارەکە نەکردووە. ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا و خەڵک چاوەڕێیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی بەغدا یەک خاڵی لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکردووە؛ هۆی ئەوەش وڵاتانی دەوروبەر و گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەن کە ڕێگە نادەن ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە و دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکە، چونکە ئاوەدان کردنەوەی شارەکە ھۆکار دەبێت بۆ ئاوەدان بوونەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، گوتیشی: ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا ھات، شتێکی بچووک نەبوو، شارەکە وێرانە، لەڕووی ئەمنییەوە وێرانە، گروپی چەکدار لە ناوچەکە ھەن، ھەموو ئەوانەش وای کردووە کە شارە ئاوەدان نەکرێتەوە و خەڵک نەگەڕێتەوە، دەبوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار بایە بۆ ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ھیچی نەکردووە و نەیان توانیوە شارەکە لە گروپە چەکدارەکان خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.
حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە شنگال کەمتەرخەمە
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری خەڵکی شنگالی کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردوویەتی. خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە.
بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ وەدەرنانی گروپە چەکدارەکان و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە، کە ئەمڕۆ بە دەیان گروپی چەکدار لە شنگال ھەن، کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکە و بۆ خۆی ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە، لەبەر ئەوەش خەڵکەکە ناگەڕێنەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەگەر دەیانەوێت بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵک بگەڕێتەوە، با ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھەیە جێبەجێ بکەن. با ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەمنی ئەو شارە بپارێزن، تاکو خەڵکی ئێمە لەژیانی لەژێر خێوەت ڕزگاریان بێت و دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە، چونکە ھەتا ئێستە مەترسی داعش لەسەر شنگال ھەیە. دەبێ خەڵکی ئێمە لەڕووی ماددی و مەعنەوەی ھاوکاری بکرێن، چونکە تا ئێستە یەک کەس لەو شارە قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئەوەش ھەموو حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێی بەرپرسیارن.