پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كۆچە‌كە‌ی پێغە‌مبە‌ر؛پە‌ند و وانە‌كانی

عومەر چنگیانی

بەدەر لەوەی وەک نەریتێکی ساڵانەی بسڵمانانە کە لە سەروبەندی بڕانەوەی ساڵ و، داهاتنی سەرەتای ساڵی نوێی کۆچیدا باسوخواسیان چڕ دەبێتەوە لەو بابەتانەدا کە زۆرێکی گوتنەوە و لاساییەکی زۆرە و، کەم وا ڕێک دەکەوێت هەڵوەستە بکەن بە دیار وردەکاری و وانەی گرنگەوە؛ هەینیەکەی ڕابردوو نە، ئەوەکەی دی، بە گوێرەی بڕیاڕی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بەردەم مامۆستایان، باسکردن بوو لەکۆچی دوایین پێغەمبەری خوا محەمەد، دروود و ساوی خوای لێ بێ، لە شاری مەکەوە بۆ شارۆچکەی یەسریبی پێشان و مەدینەی پاشان و، و پەند و ئامۆژگاریەکانی؛ ئێمەیش بابەتەکەمان کردە توێشووی گوتاری ٢٠٧ەمینمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبراوە، لە ٢٦ی زولحیجەی ١٤٤٤ بەرانبەر بە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٣ کە ئەو ڕۆژە خۆی دەیکردە ٢٦٨ەمین جومعەی گیرسانەوەمان لەو مزگەوتەدا؛ دەکرا تیشکێکیش بخەینە سەر ساڵوەگەڕی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ی زایینی، ئەو ڕۆژەی کە لە بەغدادا، کۆدەتایەکی خوێناوینی سەربازی هەڵگیرسا و، قۆناغی پاشایەتی بڕایەوە و، دەسەڵاتی خانەوادەیی و پاشایەتی لە ئێراق گۆڕرا و، گوایە بوو بە کۆماری و عەبدولکەریم قاسم کرایە یەکەم سەرکۆمار و، ئینجا ئەولسەلام عارف و ئینجاکانێ ئەوڕەحمانی برای و، ئەوجا ئەحمەد حەسەن بەكر یەک لە دوای یەک دەسەڵاتی وڵاتیان قۆرخ کردبوو؛ دوای ئەوانیش سەدامە بەعسی، بە ملهوڕی ئەسپی دەسەڵاتی تاو دەدا هەتا ٢٠٠٣ کە هەڵدێرا و دوایی هەڵواسرا؛ پاشان کابرا ئەمریکاییەکە و، مەجليسی حوكم و مام جەلال و فوئاد مەعصوم و بەرهەم ساڵح و ئەم ئەولەتیف جەماڵەی ئێستا، کە لەژێر ناوی کۆماریەتیدا، یەک لەدوای یەک دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست؛ دەسەڵاتدارانی ئێراق هەتا ئێستا، بۆ ئێمەی کورد مەگەر بەدەگمەن، ئەگینا لێمان بوونەتە وەیشوومە و نەگبەت و، هەریەکەو بە شێوازێک مافی ڕەوای گەلی کوردیان پێشێل کردووە لەم باشوورەی کوردستان کە بە زۆر
لکێندراوە بە ئێراقدا. بەڵێ هەردوو گوتارەکەمان تایبەت کرد بە کوڵەوێسیانێکی بە دیار چلەمین ئایەتی سوورەتی (تەوبە، بەرائە)وە، كە خوا گیان ڕووی گوتاری دەکاتە مەکەییەکانی ئەو کات کە لەباتی پشتیوانی لە پەیامگەیێنەکە، لێی بووبوونە نەیار، ئینجا پێیان دەفەرمێ: “گەر ئێوەیش پشتی نەگرن، خوا پشتی دەگرێ؛ وەکچۆن لەو ڕۆژەیشدا بوو بە پشتیوانی کە بێبڕوایان وەدەریان نابوو؛ ئەو کاتەی وا بە خۆی و هاوڕێکەیەوە، دووانی چووبوونە ئەشکەوتەکەوە و، دڵی هاوڕێکەی خۆی دەدایەوە و دەیگوت: خەمت نەبێ، خوامان لەگەڵدایە؛ ئیتر خوا دڵئارامی و بارانی ئۆقرەی پرژاندە دڵیدا و بە سەربازیەلێک پشتیوانیی لێ کرد کە ئێوە نەتاندەبین و، خواست و ویست و حەز و وشە و ئاخاوتن و قسەی بێبڕوایانی بە نووچدان و فەوتاندا برد و، پەیامی ئەڵای بەسەر خست.”
بەڵێ بەڕێزان! هەر گەل و نەتەوەیەک مێژویەکی هەیە؛ ئەگەر لەم مێژووەی داببڕێنيت، نامێنی و، دژمن بەرەو هەڵدێری دەبا؛ مێژووی ئێمەی بسڵمان لەسەر دەستی خەليفە عومەری کوڕی خەتاب، خوای لێ ڕازی، تۆمار کرا؛ سەرەتای كۆچی يارانی پێغەمبەر، دروود و ساوی خوای لەسەر، کە لە مانگی محەڕەمدا، لە مەکەوە کۆچیان کرد بەرەو
مەدینە، بە سەرەتای ئەم مێژوە دانرا. کۆچی پێغەمبەر، دروود و ساوی خوای لەسەر،
کۆچێکی ناوازە بوو؛ بووە هۆی گۆڕینی بنەمای بانگەواز لەگەڵ خەڵکیدا؛ بوو بە خاڵی وەرچەرخان؛ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی قورەیش بوو؛ سەرەتای دەسەڵاتی مسڵمانان بوو، بۆ باوبونەوەی بانگەواز لە مەکەوە بۆ مەدینە و، دوایی بۆ هەموو جیهان، ئەوە بوو گۆڕانکاریەکانی ئەم هیجرەتە مبارەکە ھاتنە پێش.
هۆکارەکانی کۆچ
یەکەم/ خەڵکی مەکە گوێیان لە حەنای بانگەوازەکە پێغەمبەری خوا، کەڕ داگەڕابوو، پشتیان لە پێغەمبەر هەڵکردبوو.
دووم/ بسڵمانان تەنگیان پێ هەڵچنرابوو؛ قورەیش ژیانیان لێیان تاڵ کردبوو؛ بێباوەڕان بە پلانێکی دڕندانەی داڕێژراو، دەستیان لەگەڵ یەک تێکەڵ کردبوو بۆ کوشتنی پێغەمبەر، دروود و ساوی خوای لەسەر.

سێیەم/ شایستەیی ئەهلی مەدینە بۆ دينى ئیسلام: بسڵمانان ناویان لە ئەهلی مەدینە نابوو ئەنسار؛ لەبەر ئەوەی هاتن بە دەم پێغەمبەرەوە دروود و ساوی خوای لەسەر و، پشتیوانییان لێی کرد و بە دەم بانگەوازەکەیەوە چوون و سەریان خست؛ پێغەمبەر، دروود و ساوی خوای لەسەر، هەرگیز چاکەیانی لەبیر نەدەکرد و دۆعا و ئیستیغفار
و داوای لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ دەکردن. لایەک لە پەند و وانەکانی کوچکردن کۆچی پێغەمبەر، دروود و ساوی خوای لەسەر، لە مەکەوە بۆ مەدینە پەند و وانەی زۆری تێدایە؛ لەوانە:
یەکەم/ نەدڵساردی و بێئومێدنەکەوتن و خۆبەدەستەوەنەدان؛ هەوڵی چەندبارە بۆ سەرخستنی ئیسلام.
دووهەم/ گەڕان بە دوای فیترەپاکاندا بۆ هەڵگرتنی دین؛ دوورکەوتنەوە لەوانەی دینسواژ و شەڕاشۆ و دژەدینن. دینسواژ واتە ئەو کەسەی دژایەتیی دین دەکا.

سێهەم/ پاراستنی سەر و گيانی بسڵمانان. چوارەم/ کرانەوەی دەرگای بانگەواز بە ڕووی بسڵمانان و ئیسلامدا