پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وردبینی رێنماییه‌كانی بودجه‌ی سێ ساڵی داهاتووی عێراق كۆتاییهات

ئەنجوومەنی دەوڵەت رایگەیاند، پڕۆسەی وربینی بودجەی سێ ساڵی داهاتووى عێراق کۆتایی هاتووە و ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بودجەکە بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 دەبێت.

ئەنجوومەنی دەوڵەت ئاشکراشی کرد، وردبینی بودجە بە ئامادەبوونی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و نوێنەرانی وەزارەت پلاندان و چەند لایەنێکی دیکە کۆتاییهاتووە.

له‌ 12ی حوزه‌یرانی 2023 په‌رله‌مانی عێراق به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ی په‌سه‌ندكرد، دوای ئەنجامدانی وردبینی چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی عێراق دەست بە جێبەجێکردنی بودجەی پەسەنکراو بکات.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.