بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری نەوت و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی نەوت و سۆمۆش کۆببێتەوە؛ کۆبوونەوەکە بە ئامانجی ڕێککەوتنە لەسەر چۆنییەتی ناردنی نەوتی کوردستان بۆ بەغدا و ئەو ڕێژەی لە بودجەدا دیاری کراوە. هەرێمی کوردستان ئامادەیی پێشانداوە بۆ ئەوەی ئەو بڕەی لە بودجەدا دیاری کراوە، لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ نەوت هەناردە بکات؛ بەڵام عێراق خۆی هێشتا ئەو ئامادەییەی نەبووە ئەو بڕە نەوتە وەربگرێت .
بەپێی داتای ” Iraq Oil Report” هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە نێواپەنجا بۆ شەست هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی داوەتە بەغدا و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی حوزەیران بەوشێوەیە بووە. ئومێد سەباح سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دەڵێ :” لە 25ی حوزەیرانەوە بەکردار ڕۆژانە پەنجا تا شەست هەزار بەرمیل نەوتمان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی کردووە. ئەم بڕە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دیاریکراوە و ئەم بڕە بەرزدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە ئەو ڕێژەیەی لە بودجە باسی لێوەکراوە.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە چوارچێوەی بودجەدا مۆر کراوە، وا دانراوە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپات کردووەتەوە بەڵام عێراق خۆی ئەو بڕە نەوتەی وەرنەگرتووە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشی نییە لەسەر ئەوەی بۆچی ناتوانێ ئەو بڕە نەوتە وەربگرێت .
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئادارەوە ڕاوەستاوە و هێشتا گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا هیچی لێ شین نەبووە .
پێشتر شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بۆ وردبینی بوو لەبارەی پێداچوونەوە و پاکتاوکردن و وردبینیی لە هەژمارەکان لەگەڵ عێراق. بڕیاریشە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبێتەوە، هاوکات کۆبوونەوەیەکیش دەکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی، ئامانجییەتی بەزووترین کات وردەکارییەکان لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەناردەی نەوتی مانگانەی هەرێم کوردستان لەرێگەی عێراقەوە بۆ سەد و بیست و پێنج هەزار بەرمیل لەو قۆناغەدا بەرزدەکرێتەوە.
عێراق کە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک، تەنیا لە ڕێگەی تەرمیناڵەکانی باشووری عێراق نەوت هەناردە دەکات، هیچ هەنگاوێكی جیدییشی نەناوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان .
هەرچەندە بەرپرسانی عێراق پێشتر گوتبوویان کە بەردەوامیی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە هەندێک داواکاریی تورکیا هەیە، بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا ڕەتیکردەوە پەیوەست بێت بەوان، لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوت وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: هەردوولامان هەولێر و بەغدا کۆکین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.