پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەدەپە لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرەدا بەربژێری دەبێت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان

لەوەتەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) هاتووەتە سەر دەسەڵات لە توركیا، هیچ كاتێك ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئەوەندەی ئێستا لاواز نەبووە، لاوازکەوتنی ئۆپۆزسیۆنیش هەفتە دوای هەفتە زیاتر ڕەنگ دەداتەوە.

جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، شەڕی پۆستی سەرۆكی پارت لەناویاندا هەڵگیرساوە، تەنانەت میدیای ئەو پارتەش بوونەتە دوو بەرەوە، بەرەیەك داوای لادانی كەمال كلیچدارئۆغڵو دەكەن، بەرەكەی تر داوای مانەوەی دەكەن.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی 28ی ئایاردا، كلیچدارئۆغڵو بەرامبەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لەدەست دا، ئیدی هەموو هۆكاری شكستەكە خراوەتە ئەستۆی ئەو و داوای دەكەن دەست لەكاربكێشێتەوە، پێ ناچێت ئەویش بەو داوایە رازی بێت و بەرگری بۆ مانەوە دەكات، ئەمەش جەهەپەی لاواز كردووە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ، كۆڵی نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی كلیچدارئۆغڵو، بەڵام لەناو جەهەپەدا كەم نین ئەوانەی بە ئیمامئۆغڵو رازی نین، تەنانەت پێیان وایە، هەرگیز رازی نابن كەسێك ببێتە سەرۆكی پارت، كە ئەزموونی لەناو سیاسەتدا كەمە و بە جەهەپەوە ماندووە نەبووە.
جانان كەفتانجیئۆغڵو، سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ، هێرشی توندی كردە سەر ئیمامئۆغڵو، بەوەی چۆن چاوی بڕیوەتە شوێنی كلیچدارئۆغڵو، چونكە كلیچدارئۆغڵو دەستی گرت و هێنایە سەر كورسیی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ و دەڵێت، ئەگەر ئێمە نەبووینایە، ئیمامئۆغڵو هەر ناو نەبوو لەناو سیاسەتدا.
بەڵام ئیمامئۆغڵو، بنكەی جەماوەریی جەهەپەی تا ئاستێكی زۆر لەگەڵدایە، میدیای جەهەپەش بە ئاشكرا داوای ئیمامئۆغڵو دەكەن، بۆیە كلیچدارئۆغڵو، هێرشی توندی كردە سەر چەندین رۆووژنامەنووس و تەنانەت بەشێكیشیانی دەركرد، بەڵام بوونی ئیمامئۆغڵو بۆ شوێنگرەی كلیچدارئۆغڵو باسوخواسێكی گەرمە.
بە بۆچوونی بەشێك لەو كەسانەی لە ئیمامئۆغڵووەوە نزیكن، ئەگەر ئیمامئۆغڵو ببێتە سەرۆكی جەهەپە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە كەمتر لە هەشت مانگی ماوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەژێر یەك لیستدا كۆ دەبنەوە، بەتایبەت پارتی باش، چونكە پارتی باش بەئاشكرا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو كرد و گوتی با ئەو ببێتە بەربژێر.
بەڵام بە مانەوەی كلیچدارئۆغڵو، پارتی باش هەرگیز بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا دەنگ بە بەربژێری جەهەپە نادات، جیا لە پارتی باشیش، هەدەپەش ئیدی هەڵەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دووبارە ناكاتەوە و كوێرانە دەنگ بە بەرژێری جەهەپە نادات.
دوای ئەوەی،دەركەوت كلیچدارئۆغڵو، بە نهێنی رێككەوتنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغدا كردووە، بەوەی گەر ببێتە سەركۆماری توركیا، وەزارەتی ناوەخۆ و سێ وەزارەتی تریان پێدەدات، ئەمە هەدەپە و بنكەی جەماوەری ئەو پارتەی زۆر نیگەران كردووە، چونكە ئۆزداغ، بەئاشكرا دژایەتی كورد و دۆزەكەی دەكات و رۆژانە سووكایەتی بە كورد دەكات و وەكوو نەتەوە كوردی قبووڵ نییە، بۆیە جەماوەری هەدەپە، هەرگیز ناچنە پاڵ بەربژێرێك كە كلیچدارئۆغڵو دیاری كردبێت.
چەند مانگێكی تر، جەهەپە دەچێتە ناو كۆنگرەوە، شەڕی ئیمامئۆغڵو و كلیچدارئۆغڵو، لەناو ئەو كۆنگرەیەدا دەستپێدەكات، ئەگەر ئیمامئۆغڵو نەبێتە سەرۆكی پارت و دیسان كلیچدارئۆغڵو بەسەرۆك هەڵبژێردرێت، ئەوكات
ئیمامئۆغڵو پلانی دووەم (بی) جێبەجێ دەكات و لە جەهەپە جیا دەبێتەوە و پارتێكی تر دروست دەكات، هەروەها چۆن پێشتر، موحەرەم ئینجە، بەهەمان رێگەدا رۆیشت و نەیتوانی ببێتە سەرۆكی جەهەپە و پارتی مەملەكەتی دروست كرد، ئیمامئۆغڵوش لە دروستكردنی پارت زیاتر، هیچ ڕێگەیەكی تری لە بەردەمدا نییە.