دووشەممە, تشرینی دووه‌م 11, 2024

پارێزگاری هەڵەبجە: لە ئەمڕۆوە رێکاری یاسایی بۆ بەرجەستەبوونی قەزای خورماڵ دەستپێدەکرێن

پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی بە قەزاکردنی ناحیەی خورماڵ، رایدەگەیەنێت، لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێی راگەیەندراوە، لە ئەمڕۆوە رێکاری یاسایی “بۆ بەزووترین کات بەرجەستەبوونی قەزای خورماڵ” دەستپێدەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی تەممووزی 2023، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی بڕیارەکەی شەوی رابردووی مەسرو بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە قەزارکردنی ناحیەی خورماڵ و پێکهێانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە و جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هاووڵاتییانی ئەو شارە؛ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.

ئازاد تۆفیق سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە بڕیاریانداوە ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بکەنە قەزا و، وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا، بە قەزاکردنی خورماڵ، یەکێک لە ئاواتە دێرینەکانی دانیشتووانی شارەکە بووە.

بە گوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوە کردووە و  پێی گوتووە، “لە ئەمڕۆوە رێکاری یاسایی بۆ بەزووترین کات بەرجەستەبوونی قەزای خورماڵ دەگیرێنەبەر”.

پارێزگاری هەڵەبجە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، “خورماڵ مێژووەکی جوانی لە بواری نەتەوەیی و نیشتمانیی پەروەریدا هەیە. رۆژی 21ـی 2ـی 1946 کۆماری مەهاباد راگەیەندرا؛ دوای 12 رۆژ، واتا 2ـی 2ـی 1946 ژمارەیەک کەس لە شاری خورماڵ گیران، بەهۆی ئەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشی سابلاغ لە ماڵەکانیاندا هەبووە و بەنهێنی تەقەی خۆشییان کردووە. ئەمە مێژووی نیشتمانی خورماڵە”.

هەر لەبارەی مێژووی نیشتمانی خورماڵ، ئازاد تۆفیق ئەوەی خستەڕوو، “70 بۆ 75 ساڵ پێش ئێستا رۆژنامەی خورماڵ لەلایەن کەسێکی رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری وەکو شاکر فەتاح لەم شارە دەرکراوە. خورماڵ پایتەختی هەڵەبجە و شارەزوور و هەموو هەورامانە”.

دوێنێ یەکشەممە 30ـی تەمموزی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو، “دوای ئەوەی دانیشتووانی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.”

هاوکات دوێنێ یەکشەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەکی تایبەت رادەسپێرێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ و جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هاووڵاتییانی خورماڵ.

ناحیەی خورماڵ کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکرێتە قەزا؛ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاکە و 70 کیلۆمەتریش لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی خورماڵ زیاتر لە 22 هەزار کەسە و 46 گوند لەخۆ دەگرێت.