چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان

سەرۆک بارزانی لە یادی چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان ڕایگەیاند، دوای چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیە، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی 07ـی 2023 لە یادی ئەنفالکردنی بارزانییاندا ڕایگەیاند: ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنى هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.

دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

چل ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لە هەڵمەتێكی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن.

ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنى هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.

بەداخەوە، لەكاتێكدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین،  ئەوەش خۆیلەخۆیدا گرفتی سەرەكیی گەلەكەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە نامرۆڤانەیە كە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەكە.

لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا پێزانینم بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران هەیە كە لە ڕۆژگارە سەختەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان تەحەمول كردووە و بوونە نموونەی باڵای خۆڕاگری و ڕەوشتبەرزی و كوردپەروەری.

مەسعود بارزانی

31ـی تەممووزی 2023