کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی سپیلک-خەلیفان بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی سپیلک-خەلیفان، بەردەوامە؛ کۆمپانیای جێبەجێکار شەو و ڕۆژ کار دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا تەواوی بکات و بە ڕووی گەشتیاران و ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و چەندین ناوچەی گرنگ بە ھەولێر دەبەستێتەوە، هەروا ئێران و ھەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و ساڵی داھاتوو دەکەوێتە خزمەت خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

دوو سایدی سپیلک – خەلیفان لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، درێژی شەقامەکە دە کیلۆمەتر و پانییەکەی شازدە مەترە، تێچووەکەی شەست و چوار ملیار دینارە، ئیدارەی سۆران بە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە.
مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دوو سایدی سپیلک- خەلیفان دانراو و کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دوای نزیکەی دە مانگ ٣٥%ی پڕۆژەکە تەواوبووە، ئەو کاتەی بۆی دانراوە نزیکەی شەش سەد ڕۆژە، تا ئێستە نیوەی کاتەکەی تێپەڕیوە، بەگوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، لە کاتی خۆیدا پڕۆژەکە تەواو دەبێت و بەڕووی ھاووڵاتییان و شۆفێراندا دەکرێتەوە.
گەشتیاران و شۆفێران کە بەردەوام بە ڕێگاکەدا ھاتووچۆ دەکەن، جێبەجێکردنی پرۆژەکە بە گرنگ دەزانن و دەڵێن: دوو سایدی سپیلک-خەلیفان پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیجییە بە تەواوکرانی ھاتنی قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکە نامێنێت، ھەروەھا ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ لایەنی گەشتیاریی و بازرگانی.
بەدواداچوون بۆ دروستکردن و فراوانکردنی چەند ڕێگەیەکی گرنگ لە سنووری ئیدارەی سۆران کرا، کە کاریگەری ئەرێنیان بەسەر ڕەوتی بازرگانی ھەیە، بەتایبەتی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕێگای سپیلک -خەلیفان، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و بەڕێوبەرایەتیی ڕێگاوبانی ھەولێر سەرپەرشتی کارەکان دەکات، پڕۆژەکە دووسایدە و درێژییەکەی دە کیلۆمەتر دەبێت، لە سپیلک دێتە ناو خەلیفان و بەشێوەیەکی ستانداردی جیھانی جێبەجێ دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ئەو پڕۆژەیە لە مانگی پێنجی ساڵی داھاتوو ١٠٠% تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتییان و گەشتیاران، بەڵام تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی زۆری تەواو دەبێت و بەڕووی ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە سوودێکی زۆری ھەیە و بەشێکە لە شادەماری ڕێگاکانی کوردستان لە ناوچەکە و تەواوی دەڤەری سۆران، باڵەکایەتی، سیدەکان و مێرگەسۆر دەبەستێتەوە بە پارێزگای ھەولێر، بەشێکیشە لە ڕێگای ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران کە دەچێت بۆ ئێران، بۆیە لەڕووی بازرگانییش سوودی زۆری ھەیە و بەشێکە لە شادەماری بەستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ھەرێمی کوردستانەوە.

ھەواڵی زیاتر