تێگە‌یشتن لە‌ خودی (مردن) پێكھێنە‌رێكی بە‌ھێزی كە‌سایە‌تییە‌

گوهدار شکری ئاکرەیی

ئێمەی مرۆڤ بەگشتی لە کۆتایی ئەم رێڕەوەی ژیاندا تێگەیشتووین کە بە مردن کۆتایی دێت، مردنیش بریتیە لە لەناوچوونی جەستە و نەمانی رووح، کە لە دەسەلاتی مرۆڤدا نییە رەتی بکاتەوە یا بیگۆڕێت. مرۆڤ بەگشتی تەنیا ئەو دەرفەتەی هەیە کە هەوڵ بدات لە خودی مردن تێبگات هەرچەندە مەبەستی ئێمە ئەوە نییە باسی شیکردنەوەی خودی مردن بکەین، بەڵکوو ئەوەی ئێمە مەبەستمانە دەرئەنجامی تێگەیشتنی هەر تاکێک لەئێمەی مرۆڤە لە خودی مردن، چی روودەدات و چی بەسەر مرۆڤ بەجێدەهێڵێت و چ کەسایەتیەکت پێدەدا و هه روه ها بتوانین ئەو هۆکارانە دەست نیشان بکەین کە هۆکاری سەرەکین بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە خودی مردن. چوونکە شتێکی شاراوە نییە تێگەیشتنی مرۆڤ لەهەمبەر خودی مردن، کاریگەری راستەوخۆ لەسەر مرۆڤەکان دەنێتەوە لە چۆنیەتی ژیانکردن و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ جیهاندا. جا بەر لەوەی بچینە ناو دونیای بابەتەکەوە، هەروەکوو لەسەرەتا ئاماژەمان پێداوە مەبەستمان باسی شیکردنەوەی مردن نییە و ناتوانین بە چەند دێڕێک خودی مردن ڕوونبکەینەوە،چونکە لە بنەڕەتدا مردن هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی لێ دەربازنەبووی مرۆڤە لە دەستپێکی ژیانەوە تا ئەم چرکەساتانە تیایدا دهژین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە لە هەر سەردەم و شوێنێک، مرۆڤ بە شێوە و شێواز و تێگەیشتنێک مردنیان لە قەلەم داوە، وئ لەهەموو کتێبە پیرۆزەکان باسی لێوە کراوە و هۆکاربووە بۆ دروستبوونی چەندین ئاین و مەزهەب و چەندین فەیلەسوف و زانا و کەسایەتی جیاواز لە هەلگر و بۆچوونی جۆراوجۆری تێگەیشتن لە هەمبەر هاوکێشەی خودی مردن. بۆ نموونە ئەوەتا زۆرینەی زۆری مرۆڤەکان بەجۆرێک لە خودی مردن تێگەیشتوونە، زۆرجار خۆیان لەپێناویدا دەتەقێننەوە چونکە بە تێگەیشتنی خۆیان تاکە رێگایە پێی دەگەن بە بەهەشتی بەرین. هەندێ مرۆڤی تر هەن بۆئەوەی یەک چرکە لەمەرگ دووربن، هەموو سەروەت و سامانی خۆیان دەبەخشن، و هەندێ لایەنی تریش هەن خودی مردنیان بە کارێکی پێویست دەزانن، چونکە بە تێگەیشتنی خۆیان مرۆڤ بەسروشتی خۆی دروست بووە و دەبێ بگەرێتەوە بۆ سروشت بۆ ئەوەی سروشت بەردەوام بێت. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەلگەی سەلمێنراون ئەوەمان بۆ دەردەخات، هەریەک لەم تێگەیشتنانەی کە ئاماژەمان پێکرد، جۆرێک لە کەسایەتی و شێوازی ژیان کردنمان پێدەدات، بەلام لەکۆتایی رەنگە ئەم پرسیارەمان بۆ دروست ببێت و بەخودی خۆمان بلێین ئەم تێگەیشتنانەی مرۆڤ لەکوێوە دروست دەبێت؟ بێگومان، گومانی تیانیە بۆ ئەو پلان و تێڕوانین و تێگەیشتنەی خێزان و کۆمەڵگەکەی دەگەڕێتەوە، کە بە گەورەترین مامۆستای سەرەتای هەر تاکێک لەئێمەی مرۆڤ دادەنرێن، کە دەتوانێ فیکر و بیری تاک فراوان بکا، بەشێوازێکی زانستیانە هاوکێشەی خودی مردن بۆ نەوەکان روون بکاتەوە، تاوەکوو تاکەکە لەئایندەدا بتوانێت بە هۆشیاری رووبەڕووی جەنگی واقعیەکەی ببێتەوە، ژیانێکی ئاسایی و پڕ لەئارامی بۆ لەدایک ببێت. نەک کەسێکی گوماناوی لێ هەلکەوێت، لە جیاتی رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە بە بەردەوام لەگەل خودی خۆیدا لەشەڕدا بێت. چوونکە هەموو ئەو مرۆڤانەی توانای بەرەنگاربوونەوەی تێگەیشتنی مردنیان نییە کەسێکی راران و بەردەوام لەگەل خودی خۆیاندا لە کێشمەکێشدان و باجی ئەو رۆشنبیری و تێگەیشتنەی کە لە ژینگەی
خێزان و کۆمەلگەکەی پێی دراوە تایبەت بە روونکردنەوەی مردن و چۆنیەتی ژیانکردن لە ماوەی ژیانی نێوان لەدایک بوون و مردنیدا دەیداتەوە، کەواتە تێگەیشتن لەخودی مردن پێکهێنەرێکی بەهێزی کەسایەتیمانە.

ھەواڵی زیاتر