سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمڕۆ بەغدا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەردوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنێکی نوێیان ئیمزا کرد؛ بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری و ئەندامانی لیژنەی دانوستاندن، ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە عێراق جێبەجێ کردووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی کراوە، تەواوکەری ڕێککەوتنی یاسای بودجەیە. ئەو ڕێککەوتنە نوێیەش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھاتە ئارا و ھەردوولا بە نیازێکی ئەرێنی دەستپێشخەرییان بۆ ئەو ڕێککەوتنە کردووە، بەڵام خەڵکانێک ھەن حەز بە تێکدانی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکەن.

لە ماددەی ١٤ی دەستوور ھاتووە، ھەموو عێراقییەکان لە مافدا یەکسانن، بەڵام ئەو ماددەیە لە عێراق کەس ڕێزی لێ ناگرێت، ئەگەر کورد ئەو مافەیان ھەبووایە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زوڵمیان لە کورد نەدەکرد، ھەرێمی کوردستان پابەندبووە، بەڵام حکوومەتی عێراق دەیەوێت مەرکەزیەت بگێڕێتەوە و لە فیدراڵیی دوورکەوێتەوە، بێگومان ئەمەش دژی دەستوورە.
ڕۆژی پێنج شەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە،‌ بە مەبەستی ناردنی شایستە داراییە‌کانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان لەیاسای بودجەدا و لەو چوارچێوەیەشدا کۆنووسێکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو شاندەکە ئیمزا کرا و بڕیار وایە ئەمڕۆ تەمویلی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ڕاستەوخۆش، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ڕۆژی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـە و قەبارەی بودجەی عێراق نزیکەی سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و زیاتر لە ٩٠%ی داھاتەکەی پشتی بە نەوت بەستووە، ھەروەھا پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە سەدا ١٢.٦٧. دیاری کراوە.
دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، سەرۆککۆماری عێراق ئیمزای کرد و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە گوێرەی یاساکە لە ١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی پەیوەندی ھەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات سەرۆکایەتیی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەو کۆنووسەی ئیمزا کرا بۆ کۆی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
د. موسلیح مستەفا، چاودێری سیاسی، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆمەڵێک لایەن، کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە سەر نەگرێت و عێراق پێوە پابەند نەبێت و بەغدا وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.
د. فەھمی سەعید، شارەزا لە بواری ئابووری، ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کردۆتە ئەولەویەتی کارەکانی کابینەکەی، جگە لەوەی لە ھەموو شاروشارۆچکەکان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کابینەی نۆیەم دەیەوێت ھەم مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، ھەمیش دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو شار و شارۆچکەکان درێژ بکات.
د. فەھمی سەعید، شارەزا لە بواری ئابووری، ئاشکراشی کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، ھەموو کات ویستوویەتی لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەون، ئەوەی لەسەر ھەرێم بووە، بە زیادەوە جێبەجێ کردووە، ھەوڵ و بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەوبارەوە گرنگە، بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا وەربگیرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی لە یاسای بودجەدا لەسەر شانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کراون، حکوومەتی ھەرێم جێبەجێیانی کردووە، تەنانەت پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بەشێوەیەکی ڕوون بۆ حکوومەتی عێراق ڕوونکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، بۆیە ئێستە ھیچ بەرپرسیارەتییەک لەسەر شانی حکوومەتی ھەرێم نەماوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت یان نا، لە یاسای بودجەدا حکوومەتی عێراق جێگیرکراوە بە ناردنی مانگانەی سەدا ١٢.٦٧ـی پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکە و دەڵێت: حکوومەتی عێراق بەرپرسیارەتێی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ھەڵدەگرێت، ھەناردەی دەرەوەی بکات یان بۆ کاروباری ناوخۆ بەکاری بھێنێت.