چوار مانگ زیاتر تێپەڕیوە و هەناردەی نەوتی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی ڕاگیرانی نەوتی کوردستان و داوا دەکەن هەرچی زووە هەناردەی نەوتەکە دەست پێبکاتەوە .
لە ڕاگەیێنراوێکدا، گرووپی کۆمپانیاکانی کارکەر لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن: وەبەرهێنانمان ڕووی لە دابەزینە و کارەکان لەو کۆمپانیایانە لە دەست دەچن، بەهۆی بێباکیی عێراق لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
لە ڕاگەیێنراوەکەی ئەپیکور هاتووە: دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەردەوامیی ڕاگیرانی نەوتەکە کاریگەری زۆری لەسەر وەبەرهێنانی بیانیی لە کوردستان هەبووە، هەزاران دەرفەتی کار لە کۆمپانیاکان هەڕەشەی لەدەستدانیان لەسەرە. بەپێی ئەو ڕاگەیێنراوە، ئەندامانی ئەپیکور کە لە هەریەک لە کۆمپانیاکانی DNO،گێنێل ئێنێرجی، گەلف کیستۆن، HKN و شاماران پێکدێن، دەڵێن پلانی خەرجیمان لە ماوەی ساڵی 2023 بە نزیکەی چوار سەد ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە. لەکاتێکدا هێشتا دیار نییە کەی هەناردەی ئەو نەوتە دەست پێدەکاتەوە، کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندکانیان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە پیشەسازیی نەوتی کوردستان نزیکەی ٪80ـی داهاتی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت، پێویستە هەرچی زووە عێراق و تورکیا گفتوگۆکانیان بگەیەننە ئەنجام بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵە لە عێراق پێویستە بەرهەمی هەرێمی کوردستان رۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل بێت .
گرووپی کۆمپانیاکانی نەوت لە چوارچێوەی ئەپیکور دەڵێن: لەو باوەڕەداین دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان پێویستە بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە پلانەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکان و بەرهەمی نەوتی کوردستان، ئەو دەست پێکردنەوەش لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەروەها بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانیش بە هەمان شێوە لە زوو دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتە.
ئامانجەکەی ئەپیکور وەکو لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، پەرەپێدانی کەرتی وزەی کوردستانە وەکو ناوچەیەکی گرنگی نێودەوڵەتیی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، لەگەڵ ڕاوێژ و گفتوگۆ لە نێوان ئەندامانیدا بۆ بەرەو پێشبردنی کارەکان .
هەرچەندە بەرپرسانی عێراق پێشتر گوتبوویان کە بەردەوامیی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە هەندێک داواکاری تورکیاوە هەیە، بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا ڕەتیکردەوە پەیوەست بێت بەوان، لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوت وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: هەردوولامان هەولێر و بەغدا کۆکین لەسەر دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان .
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا کراون لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەنجامێکیان نەبووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە چواری نیسانی ئەمساڵ، هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە بە بڕی رۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل، بەڵام عێراق هێشتا ئەو بڕەی وەرنەگرتووە. هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی، ئومێد سەباح سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: ئێمە لە 25ی حوزەیرانەوە بەکردار رۆژانە پەنجا تا شەست هەزار بەرمیل نەوتمان رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە، ئەم بڕە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دیاریکراوە و ئەم بڕە بەرزدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە ئەو ڕێژەیەی لە بودجە باسی لێوەکراوە کە مەبەست لێی چوار سەد هەزار بەرمیلە .
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023 تەرخانکراوە، بڕەکەی دە تریلیۆن و هەشت سەد و شەست و حەوت ملیار دینارە، واتە مانگانە نۆ سەد و شەش ملیار دینار تەرخان کراوە.