(دەستکەوتە یاسایی، سیاسی و ئەزموونکارییەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا)

پوختەیەک بۆ دیپلۆماتکاران و چاودێران
نووسینی: د. نەزەند بەگیخان
توێژەری یەکەمی فەخری، زانکۆی بریستۆڵ
مامۆستای میوان، پەیمانگای زانستە سیاسییەکان، پاریس.

هەرێمی کوردستانی عیراق پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری جێندەردا، بە ڕیفۆرمی یاسایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بە دامەزراوەییکردنی ئەم بوارەوە بەخۆوە بینیوە.
لە گرنگترینی دەستکەوتەکان و ئەو ئاڵەنگارییانەی لەم بوارەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە:

١. ڕیفۆرمی یاسایی:

  • لە سەرەتای ساڵی (٢٠٠٠)ـەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند هەموارکارییەکی لە مادەکانی یاسای سزادانی عیراقی ساڵی ١٩٦٩ و یاسای باری کەسێتیی عیراقی ساڵی ١٩٥٩دا کرد. ئەم هەنگاوەش بۆ بەدەنگەوەچوون و پشتیوانیکردنی گرووپەکانی داکۆکی لە مافی ئافرەت بوو کە چەند هەڵمەتێکیان لە دژی ئەو یاسایانەی عیراق دەست پێ کردبوو کە شەرعیەتیان دەدا بە ملپێکەچکردن و بەکەمزانینی ئافرەت.
    گرنگترین دەستپێشخەرییەکان پەیوەستبوون بە مادەکانی ٣٧٧، ١٢٨، ١٣٠ و ١٣١ ی یاسای سزادانی عیراقی. لە ساڵی ٢٠٠٢دا، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ١٤ی تایبەت بە تاوان بە بیانووی شەرەفی دەرکرد و یاساکە (سزای سووککراوە= المخففة)ی لادا و تاوان بە بیانووی (شەرەف)ی وەک تاوانی کوشتن ناسی، لە دەقی یاسا هەموارکراوەکەدا هاتووە: (ئەو تاوانانەی کە بە بیانووی (پاڵنەری شەرەف) دەرهەق بە ئافرەت دەكرێن، لە ڕووی یاساییەوە سزای سووککراوە نایان گرێتەوە و مادەکانی ١٢٨، ١٣٠، ١٣١ لە یاسای سزادانی عیراقی، ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ کاری پێ ناکرێت.
  • لە ساڵی ٢٠٠٧دا، لە پاش دانپیانانی دەستووری عیراقی بە هەرێمی کوردستاندا، پەرلەمانی کوردستان دەنگی بە یاسای ژمارە ١٣ی وەزارەتی داد دا، ئەم وەزارەتە شان بە شانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان چێ کراوە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە سەرانسەری هەرێمدا.
  • لە ساڵی ٢٠٠٨دا، بە فەرمانی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێم لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی عیراقیی ساڵی ١٩٥٩ دامەزرا، دواتر و لە هەمان ساڵدا پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (١٥)ی بە زۆرینەی ٣٥ دەنگ بەرامبەر بە ٣٠ دەنگ دەر کرد کە فرەژنیی (مەرجدار) کرد. یاسای نوێ ئەو بارودۆخانەی بۆ پیاو سنووردار کرد کە بۆی هەبێت زیاد لە ژنێکی هەبێت. بەو پێیە پیاو بۆی هەیە ژنی دووەم بهێنێت، بەڵام زیاتر لەوەی کە شەرع ڕێگەی پێ داوە، ئەویش لە بارێکدا کە ژنی یەکەمی توانای وەچەخستنەوەی نەبێت یان گرفتی نەخۆشیی مەترسیدار بووبێت، هەروەها لە یاساکەدا هاتووە کە ئەگەر پیاو لە کاتی ژنهێنانی یەکەمیدا بەڵێنی دابێت کە ژنی دیکە نەهێنێت، بۆی نییە ژنی دووەم بهێنێت.
    سەبارەت بە یەکسانی لە گەواهیدان(شاهێدی)دا، بە پێی ئەم یاسا نوێیە (شاهێدیی دوو کەس کە لە ڕووی یاساییەوە شیاو بن، ئەوانەی کە بۆیان هەیە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا ببنە شاهێد، لەم لایەنەوە پیاو و ژن یەکسانن.)
    سەبارەت بە جیابوونەوەش (الطلاق)، لە یاسا نوێیەکەدا هاتووە (ژن بۆی هەیە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا، توانا (القدرة) بکاتە مەرجی جیابوونەوە لە مێردەکەی).
    بۆ سەرپەرشتیکردنیش (الوصایة)، لە بڕگەی پێنجەمی ئەم یاسایەدا هاتووە کە (لە حاڵەتی مردن یان ونبوون و دیارنەمانی باوکدا، داییک سەرپەرشتیاری شەرعییە).
  • ساڵی ٢٠٠٨، پەرلەمانی کوردستان بە ئامانجی ڕێگریکردن لە توندوتیژیی تەکنۆلۆجیای زیرەک و پاراستنی قوربانیان و سزادانی تاوانباران، یاسای ژمارە (٦)ی تایبەت بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای نوێی زانیاری دەر کرد.
  • ساڵی ٢٠٠٩، پشکی یاسایی کۆتای پەرلەمانی بۆ ئافرەتان لە ڕێژەی ٢٥٪ەوە بەرز کرایەوە بۆ ٣٠٪.
  • لە مایسی ٢٠٠٩دا، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (٧)ی تایبەت بە دامەزراندنی (پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان) دەر کرد، ئەم یاسایە دەرفەتی بۆ ئافرەت ڕەخساند کە ببنە دادوەر، پێشتر دادوەری ئافرەت لە کوردستاندا نەبوو.
  • لە حوزەیرانی ٢٠١١دا ڕیفۆرمێکی یاسایی سەرەکی ئەنجام درا، ئەویش دەرکردنی بڕیاری ژمارە (٨)ی پەرلەمان بوو تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی کە چەندین شێوازی جۆراوجۆری لە توندوتیژی لەخۆ گرتووە، هەروەها خەتەنەکردنی کچان و بە زۆربەشوودان و بەشوودانی پێشوەختەی کچان. لە یاساکەدا دادگای تایبەتمەند بۆ ئەم بوارە دیاری کراوە، لەگەڵ ئامادەکردن و ڕاهێنانی یەکەی پۆلیسی تایبەت، تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوەکانی دووبارە (تأهیل)کردنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێدەری بە شێوەیەکی گشتگیرانە.

٢. بە دامەزراوەییکردنی پرسی جێندەر:

  • وێڕای ڕیفۆرمە یاساییەکان، حکوومەتی هەرێم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا فۆرمێکی دامەزراوەییانەی بەخشییە پرسی جێندەر، ئەمەش لە میانەی دامەزراندنی چەندین دەستەی فەرمییەوە بە ئامانجی بەستنەوەی جێندەر بەو سیاسەتەی حکوومەتەوە کە پشتیوانی لە یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز دەکات.
  • پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی کوردی لە ساڵی ٢٠٠٥دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئەو دەمە (نێچیرڤان بارزانی) ڕاوێژکارێکی تایبەتی بە پرسی یەکسانی دامەزراند.
  • لە ساڵی ٢٠٠٥دا، بە فەرمانی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت، یەکەیەک (یەکەی یەکسانی) لە نێو ئەنجوومەنی وەزیراندا دامەزرێنرا.
  • ساڵی ٢٠٠٧، سەرۆکی حکوومەت شارەزایەکی لە بواری جێندەردا دیاریکرد هەتا وەک ڕآوێژکاری باڵا لە بواری خوێندن و جێندەردا هاوکاریی بکات کە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە فەرمی لە پۆستەدا دامەزرا.
  • ساڵی ٢٠٠٨، سەرۆکی حکوومەت کۆمسیۆنێکی باڵای بۆ چاودێریکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە پێکەوە گرێدان و کۆکردنەوەی سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پەروەردە و خوێندنی باڵا، داد، تەندروستی، ناوخۆ، پلاندانان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ گەورە پسپۆڕانی بواری تەندروستی و پۆلیس و داد؛ دامەزراند، ئامانجی کۆمسیۆنەکە چارەسەرکردنی کێشەی توندوتیژی بوو لە دژی ئافرەتان بە نەهجێکی گشتگیرانە. ئەم کۆمسیۆنە لە ساڵێکدا چوار کۆبوونەوەی دەگرێ بۆ چارەسەرکردن و چاودێریی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە گشتی و بە تایبەتیش توندوتیژی بە بیانووی (شەرەف).
  • هەر لە ساڵی ٢٠٠٧دا، لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی وەرزش و لاوانی حکوومەتی هەرێم، بڕیاری هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی لە هەرێمی کوردستاندا دا. چالاکییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە جیاجیاکانی حکوومەت، شان بە شانی ڕێکخراوە ناحکوومییە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوون.
    لەو کاتەوە حکوومەتی هەرێم چالاکانە بەشداری لەم یادەدا دەکات. لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان ئەم دەستپێشخەرییە ساڵانەیەی گرتۆتە دەست.
  • سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ناوبراودا بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دا کە نووسینگەی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا هەیە.
  • یەکێک لە کارە زۆر گرنگەکانی حکوومەتی هەرێم دەستپێشخەرییەکەی بوو بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکانی ژنان (شێڵتەر)ی پاراستنیان و دانانی ١٤ هێڵی تەلەفۆنیی پەلە و ڕاستەوخۆی پۆلیس بۆ ژنان. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئەو سەنتەرانەی ژنان لە هەر سێ پارێزگاکەدا دامەزران، لە هاوینی ٢٠١٣شدا شێڵتەرێک بۆ لەخۆگرتنی کاتیی لە ناوچەی گەرمیان دامەزرا.
    سەرباری پاراستنی کورت مەودا و درێژ مەودای ئەو ئافرەتانەی کە دووچاری مەترسی دەبوون، ئەو شێڵتەرانە ڕاوێژ و پشتیوانیی یاساییشیان پێشکەش دەکردن، جگە لە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پرسی کوشتن و لەو بارانەدا کە ەکسوکاری قوربانیەکە ئامادە نەبوونایە سکاڵا لە تاوانبارەکە بکەن، هەروەها پرۆسەی پشتیوانییە یاساییەکەی ئەو شێڵتەرانە چەندین کاری دیکەی وەک دانانی پارێزەر، ئامادەبوون لەگەڵ ژنانی قوربانیدا لە دانیشتنەکانی دادگا و سەنتەرەکانی تەندروستی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ نووسینگەکانی لێپێچینەوەی تاوانیشی لەخۆ گرتووە.
  • سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لە کاتی دەستپێکی هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژناندا، بە وتارێکی تژی لە ڕۆحی ڕووبەڕووبوونەوە، بۆ کۆنفرانسی هەڵمەتەکە دوا و گوتی:
    ((دەبێ دان بەوەدا بنێین کە بە ناوی ئایینەوە یان بە بیانووی کولتووری یاخود نەریتی تەقلیدییەوە زوڵم و نادادییەکی زۆر دەرهەق بە ئافرەت دەکرێت. لەسەر هەر تاکێکی کۆمەڵگا پێویستە ئەو ستەمە لەسەر ئافرەتان بنەبڕ بکەن، ئەوەی داوای دەکەین یەکسانی و دادپەروەری و ڕێزگرتنە لە هەموو مرۆڤێک))……………….،
    ((هەڵمەتی هەفتەی دژایەتیکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان، هەنگاوێکە کە لە هەرێمدا دەستمان پێ کردووە چونکە دەزانین کە ئێمە گرفت و کێشەمان هەیە، ئەم کێشەیە چەند لایەنێکی لەخۆ گرتووە: کولتووری، ئایینی، سیاسی، تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن و کۆمەڵایەتی))…………………،
    ((ئێمە بانگەشە بۆ وازهێنان لە داب و نەریتی کۆن ناکەین، بانگەشە بۆ وازهێنان لە ئایین و کەلەپوورمان ناکەین کە مایەی شانازیمانن، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە هەندێک بابەتی پەیوەست بە مافەکانی ئافرەت هەن کە پێویستیان بە گۆڕانکارییە، پێویستیشە لە سەرمان کە ئەو گۆڕانکارییە بەدیبهێنین و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی لە نێو جیهانی نوێی هاوچەرخدا شوێنێکمان هەبێت)).
  • لە ساڵی ٢٠١١دا ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان دامەزرا، (کە ئەم ساڵ ناوەکەی گۆردرا بۆ ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان) بە ئامانجی دانانی ستراتیژی حکوومەت و پشتیوانیکردنی بەرنامەی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا.
  • لە ساڵی ٢٠١٢دا و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، ئەنجوومەنی چاودێریکردنی مافی ئافرەتان دامەزرا، لەگەڵ میکانیزمەکانی چاودێریکردن و باشترکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکان و سیاسەتە نوێکانی حکوومەت لەو بوارەدا.
    ساڵی ٢٠١٢ زەمینە بۆ حکوومەت چێ کرا، بۆ وەگەڕخستنی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ دژایەتیکردنی توندوتیژی دژی ژنان کە لە هەمان ساڵدا کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. ستراتیژەکەش لە لایەن ئەنجوومەنی کاروباری خانمانەوە ئامادە کرابوو.

٣. خوێندنی باڵا و جێندەر:

  • لەو باوەڕەوە بە توێژینەوەی پشتبەستوو بە بەڵگە و سەلماندن و دیراسەی ئاڕاستەوەرگرتوو بەرەو بەرنامەی سیاسی، سەرۆکی حکوومەت لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕاسپاردەی ئەنجامدانی یەکەمین توێژینەوەی جۆریی لە بارەی توندوتیژی بە بیانووی شەرەفەوە لە هەرێمی کوردستان و لەنێو ڕەوەندی کورد لە بەریتانیادا کرد. توێژینەوەکە لە ماوەی دوو ساڵدا و لە لایەن زانکۆی بریستۆڵەوە كرا و پلانێکی کاری خستە بەردەست حکوومەتی هەرێم کە لە میانەی نەهجێکی گشتگیرەوە لە ساڵی ٢٠١١دا جێبەجێ کرا.
  • لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و کاروباری کۆمۆنوێلس تویژینەوەکەی بەرز نرخاند و وەک (نەخشەڕێگایەک بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی بە بیانووی شەرەف).
    وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئەلیستەر بێرت) –کە توێژینەوەکە و پلانی کارەکەی لەلا پەسەند بوو- لەو بارەوە گوتی: (هۆشیاری سەبارەت بە توندوتیژی بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستاندا، ئێستا جڵەوی دەستپێشخەرییەکەی بە دەست هەرێمی کوردستانەوەیە و دەەڕێتەوە بەرەو هەرێمێکی فراوانتری گڵۆباڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. توێژینەوەکە پلانێکی کاری خستۆتە بەردەست حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوە کوردیەکان، سەرباری ڕاسپاردەکانی بۆ بەریتانیا).
  • ئەنجامەکانی تویژینەوەکەی (بەگیخانی) لە ٢٠١٠ و ٢٠١٥دا دەریدەخەن کە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستوەردانەکانی لە هەموارکردنەوەی یاسا و دامەزراندنی یەکەی حکوومی بۆ چارەسەرکردن و چاودێریکردنی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی بە بیانووی شەرەف، وێڕای هاوکاریکردنی ئەو ئافرەتانەی دووچاری مەترسی بوون، جیاوازییەکی خوڵقاند، بەڵام پرۆسەکە لە بواری خوێندن و فێرکردنی فەرمیدا جددیەتێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی بە جۆرێک کە کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی خەڵکی هەبێت.
    وێڕای ئەوەی پرۆگرامی خوێندنی کوردی دەستی کرد بە خول تایبەت بە (مافەکانی مرۆڤ) لە قوتابخانەکاندا، بەڵام بە داخەوە، لەگەڵ گرنگیی زۆری ئەو خولانە، بەڵام بابەتی توندوتیژی بە بیانووی شەرەفی لەخۆ نەگرتبوو، بە هەمان شێوەش بۆ پرسی یەکسانی لە نێوان کچان و کوڕاندا لە نێو ماڵ و لە قوتابخانەدا.
  • دەستپێشخەریی تێکەڵکردنی بابەتی جێندەر لە نێو پرۆگرامی خوێندندا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراندنی یەکەمین سەنتەری توێژینەوەی جێندەر لە ساڵی ٢٠١١دا دەستیپێکرد. پرۆژەکە لە لایەن پسپۆڕانی حکوومەتی هەرێمەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی بریستۆڵ دەستی پێ کرد. بۆ ماوەی ١٨ مانگیش لە لایەن ئەنجوومەنی بەریتانییەوە سپۆنسەری دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی کرا.
  • لە ساڵی ٢٠١٢وە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ڕاوێژکارەکەی بۆ خوێندنی باڵا و جێندەر، پشتیوانیی کردەیی لە بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی کردووە بە ئامانجی سەلماندنی پشتبەستوو بە بەڵگە لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان.
    بە تەواوی پشتگیری لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ وەدەستخستنی توانا و پێویستیەکان بۆ سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی لە زانکۆی سلێمانی، لەگەڵ بەڵێنی دەستپێشخەریی زیاتر تایبەت بەم ئاڕاستەیە.
    لەپاش ئەم هەنگاوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا سەنتەری کوردستان بۆ توێژینەوەی جێندەری و ساڵی ٢٠١٥ سەنتەری جێندەر و گەسەپێدان لە زانکۆی ئەمریکی لە عیراق-سلێمانی دامەزرێنران.
  • لە ساڵی ٢٠١٧دا، حکوومەتی هەرێم بڕیاری دا بە فەرمی دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی جێندەری لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا. ئێستا زیاد لە (٢٥) سەنتەری توێژینەوەی جێندەری لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

٤. ئاڵەنگاریەکان:
لەگەڵ ئەو ڕیفۆرمە یاسایی و سیاسیانەدا، توێژینەوەکە دەریخستووە کە لەگەڵ دەرکردنی سزای یاسایی توند و قورس بەسەر تاوانبارانی تاوانی (شەرەف)یشدا گۆڕانکاری لە نێو دادگاکاندا ڕووی داوە. حکوومەتی هەرێم چالاکانە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بواری جێندەری بەشدار کرد لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بە دەنەگوەچوونی قوربانیان و ڕزگاربووان، پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی، دەروونی، تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی، پۆڵێنکردنی داتاکان و بەهێزکردنی بارودۆخی مافەکانی ئافرەت بە شێوەیەکی گشتی.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لەبەر چەندین هۆکار، لە نێویشیاندا لاوازیی دامەزراوەیی، نەبوونی هاوکاری و میکانیزمی چاودێریکردن، دەستوەردانی سیاسیی حیزبی لە کاروباری دادوەری، بوونی سیستمێکی دادی نافەرمیی هاوشانی دەزگای فەرمی، لەگەڵ هەڵکشانی فکری ئایدیۆلۆجیی ئیسلامیی توندڕەو و شەڕی دژ بە تیرۆر و دەرهاویشتەکانی لەسەر سەقامگیریی هەرێمایەتی؛ هۆکار بوون بۆ سەختیی جێبەجێکردنی بەرنامەکە.

ھەواڵی زیاتر