چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

قاھیرە‌ش بێ كارە‌بایە‌

شێرکۆ حەبیب

میسر وڵاتێکە خاوەنی شارستانیەتی زیاتر لە حەوت هەزار ساڵە، و ژمارەی دانیشتوانی سەد و حەوت ملیۆنە. وڵاتێکە ڕۆڵی لە ناوچەکە و سەر ئاستی جیهان هەیە، هەزاران ساڵە خاوەن دەوڵەت و حوکمڕانییە، ئەم ساڵ بەهۆی بەرز بوونەوەی پلەی گەرما لە ناوچەکە میسر یەکێک بووە لەو وڵاتانەی گەرما کاریگەری لەسەری هەیە، بۆیە دەبینین وزەی کارە وەک پێویست نییە، و بەرپرسانی کارەبا بڕیاری بڕینی کارەبایان لەسەر هاووڵاتیان داوە، حکوومەت دەڵێ ئەوە کاتییە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشەیە حکوومەت بڕیاری داوە هەموو یەک شەممەی مانگی هەشت پشوو بێت و کارمەندان لە ماڵەوە کاربکەن (ئۆنلاین) جگە لەوەی ڕۆژانی هەینی و شەممە پشووی فەرمییە.هەروەها هەندێ ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشنیازیان کردووە کە کاتی داخستنی کافتریا و مۆڵەکان سەعات ١٠ی شەو بێت نەک ١2 بەکاتی هاوین، هەروەها سیستەمی گۆڕینی کاتی هاوینە کۆتا پێ بێنن چونکە هیچ سوودی نەبوو وەک کە چاوەڕوان کرابوو (ئەم ساڵ حکوومەتی میسر بڕیاری دا کار بە کاتی هاوین بکرێت)، ڕاستە هاووڵاتیان نیگەرانن، بەڵام هیچ کەسێک دژی حکوومەت نییە، یا بڵێ حکوومەت گەندەڵە و دزە و لە خەمی هاووڵاتیان نین، بەڵکو بە پێچەوانە هاووڵاتیان هاوکاری حکوومەتن بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو بارودۆخە کاتییە. مەبەستم لێرە بەراوردە لە گەڵ کوردستان،
سەڕەرای بوونی کارەبای 2٤ کاتژمێری بێگومان لەگەڵ موولیدە ئەهلییەکان، بەڵام دەنگێکی نەشاز لێرە و لەوێ دەبیستین کەوا حکوومەت زیاتر لە ٣٠ ساڵە هیچی لەو بوارە نەکردووە و کارەبا نییە. ئەوانە مەبەستیان تێکدانی یەکڕیزیی نێومالی کوردە و ئەجندای دەرەکی پیادە دەکەن بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێم، حکوومەتێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە لە ماوەی حوکمڕانیی دوو چاری چەندین کارەساتی نەخوازیار بووە وەک شەڕی ناوخۆ، بڕینی مووچە لە لایەن حکوومەتی ناوەند، تیرۆریستانی داعش، پەتای کۆرۆنا کە هەموویان کاریگەریان هەبوو لەسەر ئەدای حکوومەت، بەڵام حکوومەت توانی بەسەر ئەو کۆسپانەدا زاڵ بێت، بێگومان کارەبا گرفتێکە پەیوەندی بە هاووڵاتیانیشەوە هەیە کە نابێ زێدە ڕەوی بکەن لە بەرکارهێنانی و هاوکاری حکوومەت بن. مەحاڵە حکوومەتێک لەناوچەکە لە ماوەی ٣٠ ساڵەی تەمەنی ئەوەندەی حکوومەتی هەرێم خزمەتی وڵاتەکە و هاووڵاتیانی کردبێت، و ئەمەش ئەرکی حکوومەتە و ئیستاش زۆر ماوە حکوومەت جیبەجێی بکات، بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ ڕەخنە لە حکوومەت دەکرن و وشەی نەشیاو لە هەندێ دەزگای ڕاگەیاند دەدرەکێنن ڕۆژێک لە تەمەنیان دڵۆپە خوێنەکیان بۆ کوردستان نەڕشتووە، ئەوەی کراوە و لە ئارادایە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و دڵسۆزی گەلەکەمان ئەنجام دراوە و ئەگەر ئاوڕێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان بدەینەوە و بە ویژدان هەڵیسەنگێنین زۆر کراوە و زۆریش ماوە. ئەوە جیاوازە لە نێوان هاووڵاتی میسر و هەندێ لایەنی کوردستان، ئەوان دەڵێن گرنگ میسر پارێزراو بێت ئەو چەند لایەنەی کوردستان دەڵێن کوردستان نەمێنێ و ئەجندای دوژمنان پیادە دەکەن، بەڵام مەحاڵە خەونی حوشترییان بێتە دی، چونکە
کوردستان لە دەستێکی ئەمین و دلسۆز دایە.