چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا داوای لێکۆڵینەوە لە کوژرانی دوو گەنجەکەی کەرکووک دەکات

رۆژی شەممە (29ـی تەمموزی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئیدانەی كوشتنی‌ دوو گەنجی کورد له‌لایه‌ن هێزی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ ناوچەی 55ـی دۆمیز له‌ كه‌ركووك ده‌كات و رایگەیاندووە، ئه‌و دوو گەنجە پێشتر سزا نه‌دراون و هیچ تاوانێكیشیان ئەنجامنەداوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە‌، دووبارەبوونەوەی ئه‌و رووداوانە بارودۆخی کەرکووک زیاتر تێكده‌ده‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌رێنی‌ كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له ‌پارێزگاكه‌دا .

هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا، داوای‌ له‌سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ كرد رێوشوێنی‌ پێویست بگرێته‌به‌ر و به‌ڕێوبه‌ری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ كه‌ركووك له‌كاربخرێت و لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت بەهۆی دووباره‌کردنەوەی پێشێلكارییەکان و تێوه‌گلانی‌ له‌کۆمەڵێک پرس و دۆسیه‌دا.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێرا  داواشیكرد لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ به‌په‌له‌ بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیەکە پێكبهێندرێت و لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ په‌رله‌مانییشی راسپارد به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كه‌ بكات و هۆكار و ورده‌كارییه‌كانی‌ ئاشكرابكات.

شەوی رابردوو (28ـی تەمموزی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکووک، دوو گەنج کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە لەبازگەی 55ـی دۆمیز لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانییەوە تەقەیان لێدەکرێت و بەسەختی برینداردەبن و پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدەن.

دوای ئەو رووداوەش کەسوکارەکەی لە بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئەو دوو گەنجە کە یەکێکیان کاری نانەوایی کردووە، هیچ کێشە و پێشینەیەکی تاوانیان نەبووە و لە ترسی ئەوەی ئەو هێزەی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستبەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا نەگرن لە بازگەکە نەوەستاوە و ئەوانیش راستەوخۆ لە پشتەوە تەقەیان لێکردوون و گوللـەکان بە سەریان کەوتووە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ بەیانی لە نزیک نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک، دوو کەس کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە تەقەیان لە ئەفسەرێکی پۆلیس کردووە و بەسەختی برینداریان کرد، لەدوای ئەو رووداوە لە زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووک خاڵی پشکنین دانراوە و ژمارەیەکی زۆری ماتۆڕسکیلیش دەستی بەسەرداگیراوە.