چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر: کێشەی جووتیارانی هەولێر چارەسەر کرا

لە راگەیاندراوێکدا، پارێزگای هەولێر، رایگەیاندوە، کارگەی داسی سەر بە کۆمپانیا خۆشناو، کە گەنمی جووتیارانی هەولێری وەرگرتووە، هەموو ئامادەکارییەکی ژمێریاریی کردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەش بکات و هەموو ئەو جووتیارانەشی گەنمیان رادەستکردووە، دەتوانن لە ئەمڕۆوە شایستە داراییەکانیان له‌ سایلۆی داس له‌ ناحیه‌ی شه‌مامك، به‌هه‌مان نرخی سایلۆكانی عێراق چه‌كی بانكیان وەربگرن.

ئاماژە بەوەشکرا، کۆمپانیای داس توانیویەتی نزیکەی حەوت هەزار و 500 تۆن گەنم وەربگرێت و کێشەی هەموو جووتیارانی چارەسەرکردووە.

باس لەوەشکرا، ئەو لیژنەیەشی لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشانکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێکار و رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەمبوونە لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارگەی داسی سەر بە کۆمپانیا خۆشناو، کە گەنمی جووتیارانی هەولێری وەرگرتووە؛ هەموو ئامادەکارییەکی ژمێریاریی کردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەش بکات.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی  ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەستکردووە، دەتوانن ئەمڕۆ شایستە داراییەکانیان وەربگرن. روونیشیکردەوە، هەرچەندە دەگوترا نزیکەی 11 هەزار تۆن گەنم لە بەردەم سایلۆکانی هەولێر ماوەتەوە، بەڵام کۆمپانیای خۆشناو توانیویەتی نزیکەی حەوت هەزار و 500 تۆن گەنم وەربگرێت و کێشەی هەموو جووتیارانی چارەسەرکردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی جووتیارانی هەولێری لەگەڵیان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کێشەی هەموو جووتیاران چارەسەرکراوە و “ئێستا یەک ئۆتۆمبێلی جووتیارانیش لە بەردەم سایلۆکانی هەولێر نەماوە”.

لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی شاری هەولێر؛ سەروەر هاواری ئەوەی خستەڕوو، ئەو لیژنەیەی لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە دەستنیشانکراوە، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێکار و رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە کەمتەرخەمبوونە لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەولێر، لە چوارچێوەی ئەو پشکەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بۆ جووتیارانی هەولێر دیاریکرابوو.