دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی مانگی حوزه‌یران ئاشكرا ده‌كات

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق داهاتی مانگی رابردووی نه‌وت ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، تێكڕای نه‌وتی هه‌نارده‌كراو زیاتر له‌ 100 ملیۆن به‌رمیل بووه‌ و داهاته‌كه‌یشی حه‌وت ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 26ـی ته‌ممووزی 2023) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا تێكڕای نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی ئاشكرا كرد، كه‌ بریتی بووه‌ له‌ 100 میلۆن و 59 هه‌زار و 52 به‌رمیل نه‌وت.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی نه‌وت رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆی گشتی داهاتی تێكڕای هه‌نارده‌ی مانگی رابردوو، حه‌وت ملیار و 179 ملیۆن و 760 هه‌زار دۆلار بووه‌. هاوكات سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ نرخی هه‌ر به‌رمیل نه‌وتێك به‌ 71.755 دۆلار هه‌ژمار كراوه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌ مانگی حوزه‌یران گه‌یشتووه‌ته‌ 98 ملیۆن و 725 هه‌زار و 620 به‌رمیل، له‌و كاته‌ی بڕی 299 هه‌زار 445 به‌رمیل له‌ كۆگاكانه‌وه‌ بۆ ئوردن باركراون.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كردووه‌، بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌ رێگه‌ی بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن 33 كۆمپانیای فره‌ڕه‌گه‌زی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بووه‌، كه‌ نه‌وتیان له‌ بەندەرەکانی بەسرە، خور، زوبەیر له‌سه‌ر كه‌نداوی عه‌ره‌بی و جەیهانی تورکی گواستووه‌ته‌وه‌، كه‌ نه‌وتی كۆگاكانی نه‌وتی كه‌ركووكی له‌خۆگرتووه‌.