كارزان گلی – ههولێر
مێژوونووسانی توركیا، پێیان وایە لۆزان لە بری ئەوەی زیانی بە توركیا گەیاندبێت، سوودی بۆی هەبووە، چونكە سنووری توركیا دیاری كرا و لە هەمان كاتدا، توركیای لە شەڕێكی گەورە رزگار كرد، ئەگەر بە لۆزان رازی نەبوونایە، رەنگ بوو شەڕێكی خوێناوی رووی دابا و كۆماری ئێستای توركیا دروست نەبووبا.
بەڵام زۆربەی مێژوونووسان لەگەڵ ئەوەدان، لە لۆزاندا غەدر لە كورد كراوە، بەتایبەت ئەو بەڵێنانەی لە توركیا بە كورد درا، پاشان لێی پاشگەز بوونەوە.
سێداد ولوگانە، دەڵێت لە دوای رێككەوتنی لۆزانەوە، کورد ٢٨ جار دژی دەوڵەتی توركیا سەری هەڵداوە؛ ئەگەر پەكەكەشی بخەیتە سەر دەبێتە ٢٩. هەموو ئەو سەرهەڵدانانەش بۆ ئەوە بووە، كە كورد لە توركیا مافی پارێزراو نییە و ناسنامەیان ئینكار دەکرێ. لە بەرامبەردا دەوڵەتی توركیا بە چەكی قورس رووبەڕووی كورد بووەتەوە و هەزارانی لێ كوشتوون.
دوو پەرلەمانتاری توركیا لە خولی یەكەمی پەرلەماندا، واتە یوسف زیا و حەسەن عەلی، دەپرسن ئێوە چۆن لە دەرەوەی میساقی میللیدا، لە رێككەوتنی لۆزاندا مووسڵ لە دەست دەدەن؟ لە وەڵامدا كەمالیستەكان دەڵێن: ”ئەوانەی دەڵێن چۆن موسڵتان لەدەست داوە، ئەوكات هەستی پێ دەكەن، كاتێك ئێمە پەرلەمانتارە كوردەكانمان تەسفییە كرد و دەوڵەتێكی نەتەوەیی توركمان دروست كرد“
رەنگە پرسیارێكی زۆر جیدی و گرنگ لە رێككەوتنی لۆزاندا بكرێت، ئەویش ئەوەیە، ئایا گەلی كورد لە باكووری كوردستان، بەو رێككەوتنە رازی بوونە؟ ئایا عەشرەتە كوردەكان و رۆشنبیرەكانیان رەزامەندییان داوە رێككەوتنێكی لەو شێوەیە بكرێت؟
ئەو پەرلەمانتارانەی بە ناوی كوردەوە لە پەرلەمانی توركیا بوونە هەڵخەڵەتێنراون، چونكە بەڵێنیان پێ داون كە مافی كورد دەدەن، بەڵام چەند كەسایەتییەكی كورد، خیانەتیان لە میللەتی خۆیان كردووە و بە ناوی ئەوانەی پەیامیان ناردووە كە كورد بەو رێككەوتنە رازی بوونە.
خالید بەگ، كە سەر بە عەشرەتی جیبرانلی بووە، كەسیایەتییەكی دیاری ناوچەی خۆیشیان بووە، سەرزەنشتی قاسم بەگ دەكات، كە ئەویش كورد بووە و سەر بە عەشرەتی جیبرانلی بووە. خالید پێی دەڵێت لە رۆژنامەیەك لە ئیستانبۆڵ خوێندمەوە كە بە ناوی عەشیرەتی ئێمەوە پشتیوانیت لە رێككەوتنی لۆزان كردووە، تۆ چۆن بە ناوی ئێمەوە شتی وا دەڵێیت؟ هەر بۆ زانیاریی خوێنەر، ئەو قاسمە، یەكێك بووە لەوانەی پاشان بە دەستی خۆی شێخ سەعیدی پیرانی دەستگیر كردووە. ئەمەش دەریدەخات كە گەلی كورد ئاگای لە رێككەوتنێكی لەو شێوەیە نەبووە.
دەكرێت بڵێیت نوخبەی كورد لە باكووری كوردستان، قەدەری كوردیان گەیاندە ئەم رۆژە و بە بەڵێنی ئەتاتورك هەڵخەڵەتان.
وەكو ئەوەی سێداد ولوگانە باسی دەكات، كاتێك كەمالیستەكان گوتیان دوای تەسفییەكردنی پەرلەمانتارە كوردەكان هەستی پێدەكەن بۆچی ولایەتی موسڵمان لەدەستدا، ئەو پەرلەمانتارە كوردانە تەسفییە كران، پاشان ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری سەرهەڵدانی كوردیان كردووبوو دەستگیر كراون و لەسێدارە دران.
لەو سەردەمەدا، تەنیا چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە ئیتیحادییەكان دەیانزانی كە دەیانەوێت دەوڵەتی نەتەوە دروست بكەن، یەكێك لەوانە ئیلیاس سامی بووە، كە كورد بووە لەسەر بازنەی مووش پەرلەمانتا بووە و سەر بە تۆپەڵزادەكان بووە، باس لەوەش دەكرێت كە ناوی هاتووە لە كۆمەڵكووژكردنی ئەرمەنییەكان، بۆیە ئێستاش خەڵكی مووش دەڵێن، ئەگەر تۆپەڵزادەكان پردیش بن بەسەریاندا تێناپەڕین“
تەها ئاكیۆڵ، مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا، كە شارەزاییەكی تەواوی لە رێككەوتنی لۆزاندا هەیە و جارێك لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی (CNN)، دانی بەوەدانا كە لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستدا، رێژەی كورد لە موسڵ لە عەرەب و توركمان زیاتر بووە.
ئاكیۆڵ لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (میللەت)ی توركیا بڵاوی كردووە، دەڵێت با باس لەو دەنگۆیە بكەین، كە ئایە راستە ئەتاتورك بەڵێنی بە كورد داوە كە دوای لۆزان بیانكاتە خاوەن ستاتۆی خۆیان، یاخود خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن؟
تەها دەنووسێت: ”لە سەروبەندی خەباتی میللیدا لە ١٩١٩، لە پڕۆتۆكۆڵی ئاماسیادا، بەڵگەیەك بوونی هەیە، كە پێویست دەكات كوردەكان مافی كۆمەڵایەتی و نەژادیان بدرێتی. بەڵام دوای ئەوەی توركیا شەڕی بردەوە كە بەشەڕی رزگاری ناوی بردراوە، ئەتاتورك لە 16_1_1923، لە شاری ئیزمیت كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات و لەوێدا ئاماژە دەدات، ئێمە بە هیچ شێوەیەك بەڵێنی وا بە كورد نادەین كە ببنە خاوەن ستاتۆی خۆیان، ئەمە كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت و شتی وا ناكەین.“
ئاكیۆڵ باس لەوەش دەكات، كورتكراوەی گوتەكانی ئەتاتورك ئەوەبووە، ئەگەر كورد بیانەوێت جیاببنەوە، هەر خۆی لە دەستووردا باس لەوە كراوە بەجۆرێك لە جۆرەكان بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، واتە لە هەر ولایەتێك كورد زۆرینە بێت، لەوێ دەتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەڵێنی نەداوە كورد بكاتە دەوڵەت“
لەدەستووری 1921، لە مادەی 11 تا 21، باس لەوە كرابوو، كە خۆبەڕێوەبردنی ناوچەیی بوونی هەبێت لە هەموو شوێنێكی توركیا.
ئاكیۆڵ، پێیوایە پرسی كورد لە توركیا تازە نییە، لە سەردەمی ئەتاتوركەوە بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تورك هەرگیز وەكوو نەتەوە سەیری كوردی نەكردووە، بۆیە نەگەیشتوون بە مافەكانی خۆیان.
لە كتێبی (كام ئەتاتورك؟) كە ئاكیۆل نووسیویەتی و لەوێدا باس لە رێككەوتنی لۆزان دەكات، دەڵێت لە دەستووری توركیادا باس لە مافی كورد كراوە، بەڵام دوای لۆزان و دەستووری 1924، كاتێك دەوڵەتی نەتەوە لە توركیا دروست بوو ئیدی لەوكاتەوە كورد ناڕازییە و پرسەكەی بوونی هەیە و چارەسەر نەكراوە.
ئاكیۆڵ لەو كتێبەدا دەڵێت: ”چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەرووخانی دەوڵەتی نەتەوە نابێت، بەڵكوو دەبێت لەناو ئەو دەوڵەتەدا ئازادی بكرێتە بنەما و بیری لێ بكرێتەوە، ئەگەر وا نەكرێت ئەو پرسە هەمیشە دروست دەبێتەوە و مێژووش ئەوەی سەلماندووە.“
ئەگەر بڕوانینە بۆچوونەكانی مێژوونووسی تورك، باسكن ئۆڕان، بەهەمان شێوە بەرگری لە رێككەوتنی لۆزان دەكات، پێیوایە ئەو رێككەوتنە بەڵگەی سەربەخۆبوونی توركیایە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویژدانی خۆی ئاسوودە دەكات، بەوەی رەخنە لە سەركردەكانی توركیا دەگرێت و دەڵێت پێشێلی مافی كورد كراوە و ئەو مافەی لۆزان پێیداوە كە خوێندنە بەزمانی كوردی لێتان قەدەغە كردوون.
باسكن، لە كتێبی (كەمینەكانی توركیا)، هەروەها لە دیمانەیەكیدا بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركی، بە شێوەیەكی جوان و بەبەڵگەوە باس لەوە دەكات، كە چۆن مافی كورد لە توركیا پێشێل كراوە، لە كاتێكدا لە رێككەوتنی لۆزاندا بەڵێن دراوە كورد مافی خۆی پێ بدرێت.
باسكن دەڵێت: ”لە مادەی 39 بڕگەی 5، دەڵێت هەموو ئەوانەی جگە لە زمانی توركیا، زمانێكی تری دایك دەزانن، بۆیان هەیە لە دادگادا بەو زمانەی خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن. ئەمەش بەو واتایە نایەت، كە جگە لە زمانی توركی، ئەوانەی زمانێكی تر دەزانن دەتوانن لە دادگا بەرگری لە خۆیان بكەن، چونكە بۆ نموونە لە قوتابخانە فێری زمانی فەڕەنسی بوومە، ناكرێت لە دادگا بڵێم لەبەر ئەوەی فەڕەنسی دەزانم، دەبێت بەو زمانە بەرگری لە خۆم بكەم، نەخێر ئەمە رێك مەبەست لێی كوردەكانە، كە لە دادگا دەتوانن بە زمانی دایك بەرگری لە خۆیان بكەن، لەوكاتەدا كە دادوەر زمانی كوردی نەزانی، بۆیان هەیە وەرگێڕێك بهێنن و كوردییەكە بكەنە توركی، واتە دان بە زمانی كوردی نراوە.“
باسكن، پێیوایە ئەوەی بەرامبەر بە كورد كراوە لە دوای رێككەوتنی لۆزان، پێشێلكردنی رێككەوتنی لۆزان و پێشێلكردنی مافی كوردە.
ئەو باس لە رێككەوتنی سیڤەر دەكات، كە لەوێدا بە نوسین واتە لەسەر كاغەز و بە بەڵێن مافی كورد دراوە و جێی بۆ كراوەتەوە، بەڵام لە لۆزاندا لەسەر كاغەز نەبووە، بەڵكوو تەنیا بە قسە و بەڵێنی زارەكی گوتوویانە مافی كورد دەدەین.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، دەبینین كورد لەسەر مێزی گفتوگۆ بەردەوام دۆڕاندوویەتی، چونكە زۆربەی ئەو بەڵێنانەی بە كورد دراوە، لەسەر كاغەز نەبووە، بەڵكوو هەموو زارەكی بووە، بۆیە ئەنجامەكەی پاشگەزبوونەوە بووە.
لە لۆزانیش بەهەمان شێوە، ئەتاتورك لەسەر كاغەز و بەفەرمی و بەئاگاداری لایەنی سێیەم هیچ شتێكی بۆ كورد نەكردووە، تەنیا بەڵێنی بە سەرۆك عەشیرەت و پەرلەمانتارە كوردەكان داوە، كە مافیان پارێزراو دەبێت.
حەسەن خەیری، كە لەناو كورددا ناوی وەكوو خاینێك دێت، بەوەی لەسەروبەندی رێككەوتنی لۆزاندا، یەكێك بووە لەو كوردانەی پەرلەمانتار بووە لەسەر بازنەی دەرسیم و بەفەڕەنسی و بەریتانییەكانی گوتووە، كورد داوای جیابوونەوە ناكات و ئەتاتورك، هەموو مافێكی كوردی داوە، بۆیە كاتێك باس لە لۆزان دەكەین، ناكرێت باسی حەسەن خەیری نەكەین و بەشێوەیەكی ئەكادیمی و دوور لە سۆزی نەتەوەیی شڕۆڤەی ئەو كەسایەتییە نەكەین.