چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە‌مە‌سە‌لە‌ی جاشدا،بە‌غدا گە‌مژە‌یە‌

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، كۆمەڵێك سیاسی و میدیاكار و پەرلەمانتێری كورد، درێخییان نەكرد لەڕیكلام كردن بۆ بەغدا و شكاندنی ئەزمونی كوردستان. ئەوان دانرابوون بۆ ئەركێك كە بەغدا بەزیرەكی داینابوو بۆیان. ئەوان كارەكتەری شانۆگەرییەك بوون كە دەرهێنەرەكەی بە ڕیمۆت كۆنترۆڵ ئیعازی پێدەدان و سیناریۆیەكی شەیتانی بوو بۆ شكاندنی هەیبەتی كورد و هەرێمی كوردستان و ڕیكلام كردن بۆ داگیركەر.

لەو سیناریۆیەدا ئەوەندە بەڕوونی ڕۆڵەكان دیاریكرابوون، ئەلف و بایەكی سیاسەت و شارەزاییەكی كەم لە شەڕی دەروونی، بەس بوون بۆ ئەوەی تێبگەیت ئامانج و ئەنجامی ئەو سیناریۆیە چین و بەكوێ دەگەن!.

زۆر قورس نەبوو تێبگەیت لەوەی ئامانجی ئەو جۆرە كەسانە چییە كە شەوتا بەیانی و ڕۆژ تا ئێوارە لەمیدیاكان و شاشەكان دەردەكەوتن و ڕیكلامیان بۆ داگیركەر دەكرد و، هەموو تاوان و بەرپرسیارێتییەكیان دەخستە ئەستۆی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەوان زۆریان ڕیكلام كرد و خەڵكی سادەی كوردستانیان خەڵەتاند و بازرگانییان بە ناسۆرەكانی خەڵكەوە كرد. ئەوان درێخییان نەكرد لە شكاندنی بەهاكانی كوردایەتی و، بەڕاستی لەناو هەر گەل و نەتەوەیەكی تر بوونایە، هەر خەڵكی سادەی شەقام لێیان وەدەنگ دەهات.

بەڵام چونكە كورد وشیاری سیاسی نیە و ئاسایشی نەتەوەیی سفرە، بۆیە ئەوانە ماوەیەكی زۆر وەك خەمخۆری خەڵك و مووچەی خەڵك سنگیان دەرپەڕاند و لەبری ڕیسواكردن خەڵك چەپڵەی بۆلێدان. ئێستا لەدوای ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، بەغدا ئامادەنیە مووچە و شایستەی دارایی خەڵكی كوردستان بنێرێت و هەموو مانگێك چیرۆكی هاتن و نەهاتنی مووچە دەستپێدەكاتەوەو، ئەوەش ئەگەرچی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆرانی بەتەواوی هیلاك كردووە، بەڵام ئەم دیاردەیەش وەك هەر دیاردەیەكی تر، لایەنێكی باشەشیشی هەیە و یەكێك لەباشەكانی ئەوەیە ئیحراجییەكی زۆری دروستكردووە بۆ ئەو كەسانەی كە ڕیكلامیان بۆ عێراق دەكرد و وایان دەدا بەگوێی خەڵكدا كە نەوت ڕادەست بكرێت، ڕاستەوخۆ كوردستان دەبوژێتەوەو مووچەی موفت دەڕژێت بەسەر مووچەخۆراندا.

بەغدا دوای ئەوەی كاری بەو كەسانە نەما، ڕەنج بەخەسار و ئیحراجی كردن لەبەردەمی جەماوەردا. بەغدا لەڕووی ستراتیژەوە لەم كارە زەرەرێكی گەورەی كرد كە پشتی ئەو كەسانەی بەردا و هەموو پاساوەكانی هەبوون و مانەوەی
لێوەرگرتنەوە.

من بەشبەحاڵی خۆم ئەوەم لاسەیرە، بەغدا چۆن ئەو هەڵەیەی كرد! چۆن وایكرد چیتر دۆستە كوردەكانی سیقەیان پێ نەمێنێت و نەتوانن موجازەفە بەسومعەی خۆیان و مێژوویانەوە بكەن لەبەرژەوەندی ئەو! چۆن ئەوەی كردو
بەڕاوێژی كێ؟.

خۆ ئەگەر بەغدا لەڕووی ستراتیژەوە ژیر بوایە و بیزانیایە وەكو دەوڵەتێكی خاوەن ئامانج ڕەفتار بكات و بڕیار بدات، پێویست بوو ئەو بەڵێنانەی لەسەر زاری دۆستەكانی بەكوردی دەدا، جێبەجێی بكردنایە، لەلایەك بۆ پاراستنی ئاوی ڕووی دۆستەكانی، لەلایەكی ترەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی جاشێتی لەناو كورددا نەمرێت و كۆتایی نەیەت. بەڵام كاتێ بەغدا ئاوی ڕووی دۆستەكانی ناپارێزێت و لەناوەڕاستی دەریاكەدا پشتیان تێدەكات و لەبەردەم جەماوەری كوردستاندا ئیحراج و شەرمەزاریان دەكات، ئیتر كەسی تر ئەگەر بەئەندازەی گەردیلەیەك هۆش و شەهامەتی هەبێت و دڵسۆزی خۆی بێت بەرلەوەی دڵسۆزی كوردستان، جارێكی تر نابێت بەجاش و ئەوەی ئەم گروپە كردیان بۆ بەغدا، دووبارەی ناكاتەوە.