بە بۆنەی (١٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان برووسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.
بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.
بە بۆنەی (١٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
لەم بۆنەیەدا ڕۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم بەرز دەنرخێنین، ھەروەھا دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر ھاوپەیمانێتی و ھەماھەنگی نێوانمان و سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و بەدیھێنانی گشت مافەکانمان.
ھیوادارین ھەموو لایەنەکان دڵسۆزانە و بەرپرسانە ھەنگاوبنێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی ھەماھەنگی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ گەلەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، ھەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی٧ـی٢٠٢٣