چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکومەتی هەرێمی کوردستان: داوامان کردووە فەرمانبەرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە فەرمانبەرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی داوایکردووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتەکانی دیکەی تایبەت بە شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە و پرسەکان وەکو یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لەوەدەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەت عێراق کردووە، لە هەمان کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دابەش نەکرێت.