سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لە سێ مانگی رابردوو و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە نزیکەی 83 دۆلار.

رۆژی سێشەممە، 24-07-2023 نرخی نەوتی برێنت 2.03٪، یان 1.64 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 82.71 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش 2.00٪، یان 1.54 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 78.61دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوەن؛ کەمبوونەوەی بەرهەم، زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین لە ئەمریکا و هیوای بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت. 

جگە لەوانە، بازرگانانی نەوت دەڵێن، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نادڵنیاییە لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی بۆردوومانکردنی دامەزراوەکانی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستپێبکات و کاژێر نۆی شەوی پێنجشەممە بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکییەوە رابگەیێنێت، کە زۆرینەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن رێژەکە 0.25٪ زیادبکات، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خواستی نەوت دادەنێت.

دامەزراوەی سیتی ریسێرچ بۆ توێژینەوە دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەنگدانەوەی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی سعودیەیە کە کاریگەریی لەسەر بازاڕ هەبووە. دەشڵێت، تەنانەت خواستیش لەسەر بەنزین و سووتەمەنی فڕۆکە زیاد بووە.

هاوکات، شرۆڤەکارانی بانکی نیشتمانیی ئوسترالیا لە یاداشتێکدا دەڵێن: “هەرچەندە رەنگە زیادکردنی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە ناجێگیرییەکی کورتخایەن لە نرخی نەوت دروستبکات، بەڵام پێشبینی دەکەین کەمکردنەوەی بەرهەم لە لایەن ئۆپێک پڵەس و بووژانەوەی خواستی چین بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا”.

هاوکات، بانکی گۆڵدمان ساکس ئەمڕۆ رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بگاتە 86 دۆلار.