سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نزیکەی سێ سەد ھەزار کریستیان لە ھەرێمی کوردستان دەژین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێكهاتەكان، لەم دیدارەدا دەڵێت: ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان ھەمیشە گیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی پێكهاتەكان بەخت کردووە. دەشڵێ: لەبەر پەکەکە و گروپە چەکدارەکان ژیانی پێكهاتەكان لە ناوچە کوردستانییەکان لە مەترسیدایە.

ھەرێمی کوردستان لە چەند پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی پێک دێت، پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاوازەکان وای کردووە ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە. جێگەی شانازییە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھۆکاری سەرەکییە لە دروستبوون و بەردەوامی ئەم پێکەوەژیانە، ئەمەش وا دەکات سەقامگیری سیاسیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی ڕەنگ بداتەوە لە نێو کۆمەڵگە. ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک بارزانی، پێشوازی لە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدان لە عێراقو جیھان کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کوردستان سەرزەمینی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان ھەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە.
کریستیانەکان، باس لەوەدەکەن، ھەرێمی کوردستان بۆتە چەترێک بۆ پاراستنییان و بەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان ھەیە سەرفرازن. سەرۆک بارزانی ھەمیشە ڕایگەیاندووە، کوردستان بۆ ھەمیشە وەک پەناگە و پاڵپشتی کریستیانەکان و ھەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە و لە کوردستان ھەرگیز ھزری تیرۆر و جیاکاریی و ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە، ھەر بەھۆی ئەو ھەڕەشانەوە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی کریستیانەکان لە نزیکەی ملیۆن و نیو ئێستە کەمتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس دەبن، ژمارەیەکی زۆری ئەوانەش کە بەرەو وڵاتانی جیهان کۆچیانکردووە و نیازی گەڕانەوەیان ھەیە، متمانەیان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق نییە و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببن.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێكهاتەكان، دەڵێت: بەردەوام کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانی پێکھاتە نەتەوەییەکان (تورکمان و کلدان و سریانی ئاشووری) و پێکهاتە ئایینییەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، سابیئەی مەندائی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی) کردووە، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکاری و خواستی پێکهاتەکان.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێكهاتەكان، دەشڵێ: لە عێراق ژیانی پێكهاتەكان پارێزراو نییە و پێچەوانەی ھەرێمی کوردستانە، لە ھەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی و بڕیاردان بەشدارن و لە داهاتوودا زیاتر بەشدار دەبن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەراورد ناکرێت لەگەڵ عێراق، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ئاوارەکان نەگەڕێنەوە عێراق، ھاتنی پێكهاتەكانی عێراق و کەسایەتی جیھانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵگەیە کە لە ھەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی بەھێز ھەیە، دەبێت ئەو پێکەوەژیانە فراوانتر بکەین و لایەنە سیاسییەکانیش ھاوکار بن.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئاشکراشی کرد: ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان ھەمیشە گیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی پێکهاتەکان بەخت دەکەن، پێشمەرگەڕەمزی پێکەوەژیانە، لە کاتە ھەستیارەکاندا بەبێ جیاوازی بەرگری لە ھەموو پێكهاتەكانی کردووە، پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ، کە بەردەوام ھەڕەشەی کۆچکردنیان لەسەرە.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، جەختی لەوەشکردەوە: حکوومەتی هەرێم، بەردەوام بەرگری لە پێكهاتەكان کردووە، بەڵگەش ئەوەیە وەزارەتێکی داناوە بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕۆژانە چاودێری ژیان و گوزەرانی پێكهاتەكان دەکات، لە ھەر ناوچەیەک ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە چاودێریان دەکرێت و کار بۆ چارەکردنی کێشەکەیان دەکرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕوونیشیکردەوە: لە ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەتی لە شنگال و ناوچەکانی مووسڵ، ڕەوشی پێکهاتەکان زۆر خراپە، بەتایبەتی ئەو گروپانەی کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن، یان لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوونەتە عێراق، ئەوانە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی پێکهاتەکان، بۆ نموونە پێکهاتەی ئێزدیی، کە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیە لە ترسی داعش لە ناوچەکانی خۆیان نەماون، ئێستەش لە ترسی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، پێویستە کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی ئەوان بکرێت گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی ئەوان نەمێنن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ھەروەها ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، پێویستە ھەرچی زووە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بگەڕێنەوە.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، زیاتر دەڵێ: ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و یاسای بودجە کە ئێستە ھەیە پێویستە حکوومەتی عێراق پێوە پابەند بێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ھەموو پێکهاتەکانە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنەکانیش لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە پاڵپشتی بۆ داواکارییەکانی حکوومەت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان.