سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕەخنەی توند لە حکوومەتی عێراق دەگرن

هەرچەندە لێرە و لەوێ جار جارە عێراق باسی داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان دەکات و دەڵێ ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام ئامارێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق دەڵێ : ٪90ـی ئەو ناوچانەی خەڵک تێیدا ئاوارە بوون، بۆ ژیان گونجاو نین و لەبەر ئەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەو ناوچانە لە ئاسایش و سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی بێبەشن.

ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش یەکێکە لەو پرسانەی چەندین ساڵە نەتوانراوە چارە بکرێت، هۆکەشی سیاسی و ئابووری و ئەجێندای حیزبییە لەو ناوچانە، ئەوەش وای کردووە هیچ پێشکەوتنێک لەو پرسەدا بەدی نەیەت و دەردەسەری زیاتری بۆ ئاوارەکان دروست کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی شایستە.
شەریف سلێمان، سەرۆکی لیجنەی کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ : ئاوارەکان،د ئەوانەی لە کەمپەکاندا دەژین، دەیانەوێت و بە هیوان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، بەڵام زۆربەی ناوچە وێران بووەکان بە ڕێژەی ٪90 لە خزمەتگوزاری بێ بەشن، ئەوەش ناچاری کردوون ئێستە بیر لە گەڕانەوە نەکەنەوە .
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ : لیجنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی دیکەی پەیوەندیدار کار دەکات بۆ بایەخدان بەو ناوچانە و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. داوا لە حکوومەت دەکات ئاوارەکان قەرەبوو بکاتەوە ئەویش بە پێدانی بڕێک پارە و هاوکاریی بەپێی قەبارەی ئەو زیانەی کە بەر موڵک و ماڵیان کەوتووە، بۆ ئەوەی ناوچەکانیان نۆژەن بکەنەوە .
بەپێی ئامارێکی پێشتری کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق، زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە عێراق ماون، نزیکەی شەش سەد و پەنجا هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان .
تەنها لە مانگی تەمموزدا دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە و خێوەت و کەرەڤانەی ئاوارەکان لە دوو کەمپی هەولێر و سلێمانی سووتان.
چالاکڤانانی مافی مرۆڤ دەڵێن: ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە، ئاوارەکانیش لەو گەرمای هاوینەدا لە خراپترین دۆخدا دەژین .
محەمەد سەعدی یەکێک لە چالاکڤان دەڵێ: حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی دەردەسەرییەکانیان، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما بەرزە، دەردەسەرییەکانی ئاوارەکان زیاتر بوون .ئەو پرسە پێویستی بە هەنگاوی مرۆیی خێرا هەیە بۆپشتیوانی ئەوانەی ماڵەکانیان لە دەست داوە تەنانەت لە ئاوارەییشدا خێوەتەکانیان لە دەست داوە، ئەگەر وا بڕوات ئەو دۆخەی ئاوارەکان چەندین ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت .
بەپێی گوتەی ئاوارەکان و شارەزایان، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە دوای 2014وە نەیانتوانیوە پرسی ئاوارەکان یەکلایی بکاتەوە لەبەر چەند هۆیەک لەوانە؛ کۆنترۆڵی چەند گرووپێکی چەکدار لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئەو ئاوارانە لە شنگال و لە سەڵاحەدین و نەینەوا و ناوچەی دیکە .
ئاوارەکان هیچ قەرەبوویەکیان لە حکوومەت وەرنەگرتووە،تاوەکو ئێستا ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە،زۆربەی ناوچەکانیش بۆ ژیان ناشێن و گونجاون نین .