بڕیاربوو ئەمڕۆ یەكشەممە 23-7-2023 شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق، لەبارەی بودجە و مووچە، درێژە بە كۆبوونەوەكانیان بدەن ، بەڵام سەردانەكە بۆ سبەی دووشەممە دواخراوە.
دوێنێ شەممە پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: سبەی یەكشەممە، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی تەواوكردنی ئەو رێكارە تەكنیكیانەی لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دا ماون لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناردنی مووچە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
جێی ئاماژەیە هەفتەی رابردووش شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق ژماریەك كۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە 12 مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند كرد، رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتی واژۆ كرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوكرایەوە، وابڕیاریشە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی لەبارەی جێبەجێكردنی بودجە بداتە وەزارەتەكان .