ڕائیب جادر – هەولێر
لە ١٩ی ٧ی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی بەعس ھێڕشێکی فراوانی کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە گەلیی خواکوڕک لە ناوچەی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە چل و شەش ڕۆژ بەرگری بکەن و دواجار سوپای ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن.
شەڕەکە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەسکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بهێنێت. لەڕووی سیاسییشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی بەغدا بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.
پێشمەرگەکانی لەشکری کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی سوپای عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیهان دادەنرا، داستانی شەڕی خواکوڕک شەڕێکی چل و شەش ڕۆژی بوو کە سوپای دڕندەی عێراق بە ھێزێکی زۆرەوە کە زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی و پتر لە سی فەوجی جاش و بە پاڵپشتی و پشتیوانیی فڕۆکە و تانک و تۆپخانە ھێڕشی بەربڵاو و یەک لە دواییەکی ھێنا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕشی کوردستان و تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیاویشی تیادا بەکارھێنا، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکانیی کوردستان توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرش ھێنەکەی دوژمن بگەیەنن و لە٥/٩/١٩٨٨ سەرکەوتنی یەکجارەکی تۆمار کرا..
سەرۆک بارزانی، لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، لە وتەیەکدا بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداربووی ئەو داستانە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگە بە خۆیدا بچێتەوە. ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا ھەموو هاوکێشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئەوڕژێمە لەناو دەچێت.
میرخان جادر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و بەشداربووی داستانی خواکوڕک، دەڵێت: مێژوویی پارتی پڕە لە داستانی زۆر گەورە، داستانی خواکوڕک یەکێکە لەو داستانانەی کە ئێمە وەکو پارتی شانازی پێوە دەکەین، ئەو داستانەی کە سەرۆک بارزانی سەرکردایەتیی دەکرد، دوژمن و داگیرکەران وایان بیر دەکردەوە کە ئێدی دەتوانن پارتی نەھێڵن، بەڵام ئەوان نەیان زانی کە پارتی ھیچ کاتێک تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ھیچ کاتێک دەست لە مافی گەلی کورد ھەڵناگرێت، ئەو بەرگرییەی کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەو داستانە کردیان وانەیەکی گەورەیان بە دوژمن دا و شیرازەی دوژمن بە تەواوەتی لەناو چوو، بۆیە دەتوانم بڵێم داستانی خواکوڕک بووە هاندەرێک کە خەڵکی کوردستان دژیڕژێمی بەعس ڕاپەڕن.
زکری ساڵح، بەشداربوویەکی دیکەی داستانی خواکوڕکە، گوتی: داستانی خواکۆڕک، داستانێکی بەرچاوە لە مێژووی گەلی کورددا، ئەو کاتەی جەنگی نێوان عێراق و ئێران کۆتایی هات، عێراق زۆر لە خۆ بایی ببوو، لەبەر بوو کە بە ئاسانی بێت و ھەموو سنوورەکان بگرێت، لە خواکوڕک شەڕێکی گەورە دروست بوو، لەوێ پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی دوژمن بوویەوە، هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھات و زیانێکی زۆر بەر دوژمن کەوت، سەرۆک بارزانی متمانەی بۆ پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دروست کرد
ئەشقی ئێدلبی، بەشداربوویەکی دیکەی داستانەکەیە، دەڵێ: ئەگەرچی لە داستانی خواکوڕک چەکی ئێمە زۆر سادەبوو، بەڵام شەڕی مان و نەمانمان کرد، لەو شەڕەدا پێشمەرگە دەستکەوتی زۆر بوو، وەکو تۆپ، کلاشینکۆف و ئارپێچی و تەقەمەنی و بە دەیان لاشەی دوژمن کەوتبوونە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوەتی ڕووخا بوو و بە دەیان دیلیشمان گرتن، دواتر بە بڕیاری سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو دیلانە ئازاد کران.
دەشڵێ: سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ بەشداری لەو شەڕەی کرد و لە نزیکەوە ڕێنمایی دەدایە پێشمەرگە، کە دەمانزانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەیە و لە بەرەی پێشەوەیە، ئێدی ھیچ ترسێکمان نەما، زۆر بە قارەمانانە وەستاین بەرامبەر بە دوژمن، ھەر لە دەستپێکی شەڕەکە و تا دوا فیشەکیش ڕاستەوخۆ بەشداری و سەرپەرشتیی ئەو بەرگری و بەرخودانەمان کرد، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی هەوێنی سەرکەوتنی ئەو داستانە گەورە و سەروەرییە بوو، توانیمان شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی بەڕژێمی ڕووخاوی بەعس بدەین، لە هەمان کاتدا ئەم داستانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوچەکە و جیهانیشدا لێکەوتەوە.
ئێدلبی، زیاتر دەڵێ: خەڵکی ئێمە کە ئاوارەی ئێران بوون سوپای دڕندەی عێراق بە ھێزێکی زۆرەوە کە زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی و پتر لە سی فەوجی جاش و بە پاڵپشتی و پشتیوانیی فڕۆکە و تانک و تۆپخانە ھێڕشی بەربڵاو و یەک لە دواییەکی ھێنا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕشی کوردستانوون، ڕۆڵێکی کارایان ھەبوو لە داستانی خواکوڕک، بەتایبەتی ئافرەتان ھەرچی پێداویستی هەبوو لە نێو شارەکان کۆیان دەکردەوە، لەگەڵ نان و خواردنیان بۆ ھێزی پێشمەرگەڕەوانەی سەنگەرەکانی پێشەوە دەکرد و نەیان ھێشت پێشمەرگە ھیچ کەموکوڕیەکی ھەبێت، بۆیە نابێت ڕۆڵی ئاوارەکان و ئافرەتان لەبیر بکرێت.