ڤیاچێسلاڤ گلادكۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆدی رووسیا، ئاماژەی بەوە كرد كە سوپای ئۆكڕاینا بە بۆمبی هێشوویی هێرشی كردووەتە سەر ناوچەكەیان.
گلادكۆڤ لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئۆكراینا دوێنێ هێرشی جۆراوجۆری كردووەتە سەر ناوچەی بێلگۆرۆد.
ڤیاچێسلاڤ گلادكۆڤ باسی لەوە كرد كە ئۆكڕاینا لە هێرشەكانیدا بۆمبی هێشوویی بەكارهێناوە و، گوتی: سوپای ئۆكراینا لە 21ی تەمووزدا، بە سیستمی مووشەكهاوێژ 21 مووشەك و سێ بۆمبی هێشووی هێرشی كردووەتە سەر گوندی جوراڤلییێڤكای سەر بە ناوچەكە.
گلادكۆڤ باسی لەوەیش كرد كە ئۆكڕاینا هێرشی هەمەجۆری كردووەتە سەر گوندەكانی دیكە، بەڵام هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە.