سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەخێرهاتنێکی گەرمی قەداسەتی پاتریارک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر، پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان.
ئەمڕۆ شەممە 22/7/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا رایگەیاند: بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز قەداسەتی پاتریارک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر، پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان. کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان. بە تووندی سەرکۆنەی ئەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر بە بەڕێزیان کراوە دەکەین.
دوێنێ هەینی 21/7/2023، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی حکومی، سیاسیی و ئایینی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
دوای جێهێشتنی بەغدا، بەهۆی مەرسومێکی سەرۆککۆماری عێراقەوە، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بڕیاریدا دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ هەرێمی کورستان بگوازێتەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بەناوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەخێرهاتنی کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان دەکات، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایینیی و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانە.
راشیگەیاند، “هەر لە کۆنەوە ئەم مێژووەی پێکەوە ژیانە بۆ ئێمە ماوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەم پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نموونەیەکی بەرز و دیارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات هەوڵی جددی دراوە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەم پێکەوەژیانە”.