حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان و لە ئێستادا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی نوێ لە وڵاتان بکاتەوە و بڕیارە کونسوڵخانەی نوێی وڵاتانیش لە ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە، لەوانە قەتەر و ئازەربایجان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەو ھەنگاوانە ئاماژەیەکی باشن کە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێز و باشی ھەیە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیمان لە وڵاتی جیاجیا ھەیە و نیازمان ھەیە و کار دەکەین بۆ ئەوەی لەچەند وڵاتێکی دیکەش نوێنەرایەتیمان بکەینەوە، بەتایبەت لە وڵاتە عەرەبیەکان، بۆیە کار دەکەین ھەیکەلی فەرمانگەکەمان گۆڕانکاری تێدا بکەین و فراوانتری بکەین، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانگەیە ببێتە ناوەندێکی بەھێز بۆ دروستکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان”.
سەفین دزەیی گوتیشی: “دیار بوو کە لە ئازەربایجان پێشوازیەکی گەرم و زۆر باش لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرا و بڕیاریشە ئەوانیش کونسوڵخانەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و، وڵاتی قەتەریش لە ماوەیەکی نزیکدا کونسوڵی لە ھەرێمی کوردستان دەست بەکار دەبێت، بۆیە ئەوە ئاماژەی باشن کە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێز و باشی ھەیە”.
لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان 40 وڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان ھەیە، لەوانە 38 وڵاتیان ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان.