سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەلا بەختیار: گۆڕانکاری لەناو یەکێتی بەڕێوەیە و دەتەقێتەوە

مەلا بەختیار رایدەگەیەنێت، لەناو یەکێتی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و ئەم دۆخە وەکوخۆی نامێنێتەوە و دەتەقێتەوە.

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: “من و سەدانی وەکو من ئێستا هەڵوێست و بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەداخەوە دەزانم هەزاران ئەندام، کادیر و پێشمەرگەی یەکێتی نیگەرانن، بەڵام بێگومان گۆڕانکاری بەڕێوەیە دڵنیام ئەم دۆخە لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکوخۆی نامێنێتەوە”.

گوتیشی: “یەکێتی هێزێکی مێژوویی گەورەیە وزەیەکی یەکجار گەورە لەناو یەکێتی خەفە بووە، ئەمە دەتەقێتەوە و ئاوا نابێت”.

مەلا بەختیار، لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا کە زیاتر باسی مێژووی پێش دروستبوونی یەکێتی دەکات و دەڵێت: “مام جەلال و کاک نەوشیروان نەیاندەتوانی بەبێ پشتیوانی کۆمەڵە بگەڕێنەوە کوردستان، تەنانەت لە نامەکانیدا مام جەلال دەڵێ، بە پشتیوانی کۆمەڵە نەبێت ناگەڕێمەوە و 50 پێشمەرگەی کۆمەڵەم بۆ ئامادە بکەن کە هاتمەوە خۆم چەکداریان دەکەم، مام جەلال زۆر وەسفی کۆمەڵە دەکات و زۆریش پشتی بە کۆمەڵە بەستبوو، ئاشکراشە کە مام جەلال بە پشتی کۆمەڵە گەڕایەوە، ئەگەر مام جەلال دەیتوانی بەبێ کۆمەڵە بگەڕێتەوە کوردستان با بگەڕابایەوە، لە ساڵی 1975 کۆمەڵە بەرگری نەکرد بۆیە نەگەڕایەوە، لە ساڵی 1976 مام جەلال پەیوەندی بە کۆمەڵەوە کرد و نامەی بۆ کاک ئارام و کۆمیتەی هەرێمەکان نارد، چونکە دەیزانی کۆمەڵە داینەمۆی کارەکەیە، بەردەوام بەڵێنی ئەوەی دەدا کە کۆمەڵە دەبێت بە پارتی پێشڕەوی کوردستان”.

باس لەوەشدەکات ئەو کاتەی مام جەلال لە دیمەشق بووە، ئەوان وەکو کۆمەڵە تەنیا پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەبووە و وەکوخۆی دەڵێ: “لە ساڵی 1976 مەفرەزەکانمان دەستبەکاربوون و وردە وردە شۆڕش گەشەی کرد، ئەوکات سەرکردایەتی ناو وڵات شۆڕشی بەرپا کرد، دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دوو هەوڵیاندا و شکستیان خوارد، ئێمە لە سەرانسەری وڵات مەفرەزەمان هەبوو، کاک نەوشیروان خۆی لە کتێبەکەی دەڵێت ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر هەبوو نەیتوانی دوو کاتژمێر پێشمەرگایەتی بکات، چەکەکەی فڕێداوە و گوتویەتی من پیاوی ئەو کارە نیم، دەستەی دامەزرێنەر ئەوەی کردویانە لە دەرەوەی وڵات کردوویانە، لە سەدا 95ی شانازییەکانی ناو وڵات بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی سۆسیالیست دەگەڕێتەوە، گەڕانەوەی مام جەلال و کاک نەوشیروان لە دەرەوەی وڵات بە پشتیوانی هێزەکانی ئێمە بوو کە لەناو وڵات بووین”.

مەلا بەختیار، جەخت دەکاتەوە: “ئەوەی ئەوکات کراوە سەرکردایەتی ناوەوەی وڵات کردویانە، دەبێ مێژوو وەکوخۆی بنووسرێتەوە، هەندێک کتێبی مێژوویی دەخوێنمەوە شەرم دەکەم چۆن زات دەکەن قەڵەم هەڵگرن”.

دەشڵێت: “وەکو کۆمەڵە پێش دامەزراندنی یەکێتی وامان دەزانی تاکە رێکخراوێکین دەتوانین ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین، بەداخەوە دوای ئەوەی کۆمەڵە بیرۆبۆچوونەکانی ساغ کردەوە کەوتە بەر پەلاماردان و ژمارەیەک هاوڕێی کۆمەڵە گیران و تەسلیم کرانەوە، کۆمەڵە لەبەر یەک هەڵوەشایەوە، هەر کەسێک بڵێ ئەوکات کۆمەڵە بەهێز بووە مێژوو دەشێوێنێ. لە پایزی 1975 دەستمان بە رێکخستنەوەی هەرێمەکانی کۆمەڵە کردەوە و خۆمان بۆ بەرپا کردنی شۆڕش ئامادە کرد. جارێکی تر دەڵێمەوە ئێمە نەماندەزانی پارتی دروست دەبێتەوە و بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکرات دەروست دەبێ دێتە پێشەوە، وامان دەزانی ئێمە تاکە هێزین و چاومان لەسەر سووریا بوو، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر لەوێ مەشقی پێشمەرگە بکەن و ئمکانیەت پەیا بکەن و پەیوەندی بەیەکەوە بکەین”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامە ڤیدیۆیەکە مەلا بەختیار باس لەوە دەکات: “هەتا دوای بەهاری 1976 هیچ پەیوەندییەکمان بە مام جەلالەوە نەبوو، هیچمان نەبوو بەس ئیرادەمان هەبوو، کۆمەڵە هیچ چەک و پشتیوانییەکی نەبوو”.