شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ ئەنجامداوە و بابەتەکانی دارایی و بەشە بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکایەتی شاندی حکومەت دەکات لە بەغدا رایگەیاند: “وەکو شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران درێژەمان بە کۆبونەوەکاندا، کە چەند تەوەرێکی گرنگی لە خۆگرتبوو. لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکاندا باس لە بابەتی دارایی و بەشە بودجەی هەرێم و میزانی مراجعەی مانگەکانی رابردوو بابەتى داهاتى نانەوتی باس كرا، پرسی تەمویلی پێشمەرگە و پەتڕۆدۆلار یەکێکی تر بوو لە باس و خواسی نێو کۆبوونەوەکان”.
ئومێد سەباح، لە راگەیەندراوێکدا راشیگەیاندووە: “سەردانی کۆمپانیای سۆمۆمان کرد، و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری هەناردە کردن و هەناردەنەکردنی نەوت کرا بەو پێیەی کە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی هاتووە. هەروەها پرسی تێچووی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم تاووتوێ کرا، هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ کرا، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، پاشان بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە ئەرکە نوێکەیدا شاندی هەرێم سەردانی عەمار سوبحی خەلەف سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی کرا. بڕيار وايه رۆژی پێنجشەممە لێژنەی باڵای هاوبەش کۆببینەوە”.
رۆژی 16/7/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لەبارەی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و چەند دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەنجامداوە.