(مامۆستا خۆشناو عەزیز ) ماستەرەكەی لە (مۆرفۆسینتاكس)ـی زمانی كوردییە، كە ساڵی (٢٠١٤) لە زانكۆی (كۆیە) تەواوی كردوە. لە ئێستاشدا قوتابی دكتۆرای هەمان بەش و زانكۆیە، كە لە بواری سینتاپڕاگماتیكدا كاردەكات.
تا ئێستا زیاد لە بیست (٢٠) توێژینەوەی زانستی بە ئەنجامگەیاندوە، و لە چەندین كۆنفڕانسیشدا بەشداری كردوە. جگە لەوانەش چەندین بابەت و نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و وێبگە ئەلكترۆنییەكان دەربارەی بابەتە جیاجیاكانی زمان و ئەدەبی كوردی بڵاوكردوەتەوە. سەبارەت بە شوێنی كاركردنی، ئەندامی دەستەی وانەبێژییە لە زانكۆی ڕاپەڕین، و لە هەریەك لە بەشە كوردییەكانی بەیانیان و ئێواران لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی وانەدەڵێتەوە.
تایبەت بە وەرگرتنی وشەو زاراوە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵ كرد :
سەرەتا لەمامۆستا خۆشناومان پرسی مەبەست لە چەمك و وەرگرتنی وشە و زاراوە چییە؟ لەوەڵامدا گوتی:” وەرگرتن، یا وەرگرتنی وشە و زاراوە، كە لە نووسین و بەرهەمە كوردییەكاندا بە وەرگرتن، خۆماڵیكردن، كورداندن، كوردێنراو، گونجاندن، گونجێنراو، قەرزكردنی زمانەوانی، قەرزكردنی زاراوە، خواستن و گواستنەوەی وشە و زاراوە…تاد) باسكراوە زۆر واتا لە خۆی دەگرێت. بەڵام وەك زاراوەیەك، كە لە زمانەوانی بەراوردكاری و مێژوویی بەكارهێنراوە، ئاماژە بۆ ئەو فۆڕمە زمانییانە دەكات، لە لایەن زمانێك یاخود دیالێكتێكەوە لە زمانێكی دیكەوە وەرگیراون. بەم شێوەیەش لە زانستییدا زاراوەسازی(Terminology) مەبەست لە وەرگرتن، گواستنەوە و هێنانی وشە و بێژەی بیانی بۆ زمانی خۆماڵی، یا زمانی دووەمە، یاخود هەڵگرتنەوە و بەكارهێنانی كەرەستە زمانییەكانە بە (فۆڕم و واتا)ـوە لە زار و زمانێكی دیكەدا، بەڵام دوای گونجاندنیان لەگەڵ زمانەكەدا، كە لە چەند ڕویەكەوە جیاوازن. بۆیە دەتوانین بڵێین: وەرگرتن ئەوەیە، كە وشە، یا زاراوەیەكی بێگانە بە دەستكاریكردنەوە، یا وەك خۆی بهێنرێتە نێو زمانێكەوە بۆ هەمان واتای خۆی یا واتایەكی نزیك لە خۆی بەكاربهێنرێت. لەو كاتانەی زاراوەیەكی بەجێ و ناسراو دەستناكەوێت، كە لەو قۆناغ و سەردەمەدا بتوانێت پڕاوپڕ جێگەی ئەو وشە و زاراوە بیانییە بگرێتەوە. یاخود مەبەست لەوەیە، وشە و زاراوەی زمانێكی دیكە، وەك خۆی و كتومت، یا بە گۆڕینێكی ئەوتۆوە، كە لەگەڵ دەستوری دەنگسازی و وشەسازی زمانێكدا بگونجێت، وەربگیرێت و بگوێزرێتەوە و بەكاربهێنرێت”.
لەپرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی، بنەما و ستراتیژییەكانی وەرگرتنی وشە و زاراوە چۆن چۆنین؟ لەوەڵامدا دەڵێ:”پێواژۆی وەرگرتن و هێنانی وشە و زاراوە لە زمانانی دیكەوە، كارێكی لە خۆوە و هەڕەمەكییانە نییە، بەڵكو پێویستە لە ڕێگەی چەند بنەما و ستراتیژییەكی زمانەوانی و زاراوەسازییەوە جێبەجێبكرێت، كە هەرە گرنگەكانیان بریتین لە: (١) خۆماڵیكردنی وشە و زاراوەكە. (٢) ڕێنووس و گونجانی دەنگی. (٣) زاڵكردن و هەڵبژاردنی وشەی خۆماڵی لە بەرانبەر بێگانە و وەرگیراودا. (٤) پاراستنی و واتا و گرنگیدان بە ڕەگ و ڕیشەی وشەی وەرگیراو”.
مامۆستا خۆشناو لەبارەی خۆماڵیكردنی وشە و زاراوە چۆن ئەنجامدەدرێت ئاماژەیدا:”بۆ ئەوەی وشە وەرگیراوەكە بچێتە نێو زمانە نوێیەكەوە، وەك كەرەستەیەكی خۆماڵی هەڵسوكەوت بكات، دەبێت لەگەڵ دەستوری زمانەكەدا بگونجێنرێت، واتە دەبێت بخرێتە نێو یەكێك لەو پۆلە ڕێزمانییانەی جیاكراونەتەوە.ئەگەر ئەم پۆلانەش (ناو، جێناو، ئاوەڵناو، …تاد.) لە نێوان دوو زمانەكەدا وەكیەك نەبوو، ئەوا كەرەستە وەرگیراوەكە دەبێت لەم ئاستەشدا بگۆڕێت، بە وێنە ئەو ناوەی لە زمانی عەرەبیەوە بۆ كرمانجیی ژووروو وەردەگیرێت، دەبێت توخمی (جێندەر) نێر یا مێ هەڵبژێرێت. چونكە ناو لەم دیالێكتەدا دوو توخمی هەیە، بە پێچەوانەشەوە ئەو ناوانەی دێنە نێو كرمانجیی نێوەڕاستەوە كێشەی هەڵبژاردنیان لەم ڕووەوە نابێت، چونكە ئەم دیالێكتە گرنگیی بە جیاوازیی توخم نادات”.
تایبەت بە وشەی خۆماڵی لە بەرانبەر وشەی بێگانەدا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟ مامۆستا دەڵێ:” لە زاراوەسازی و پلانسازیی زمانی و بە تایبەت پلانی زاراوەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، هەر كاتێك وشەیەكی خۆماڵی و بێگانە شانبەشانی یەكدی هەبوون، ئەوا دەبێت خۆماڵییەكە بكرێتە بنەما بۆ زمانی ستاندارد و ئەدەبی. بۆ ئەمەش لە هەر دیالێكتێكەوە وەرگیرابێت گرنگ نییە. هەروەها بەشێك لە زمانەوانان باس لە پاككردنەوەی زمان و دانانی زاراوەی تایبەت بە زاراوە وەرگیراوەكان دەكەن، ئەگەر لە قۆناغی دواتری وەرگرتنیشدا بێت. بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێتەوە، كە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی وڵاتەكەمانەوە، ئێمەی كورد لە هیچ ڕوویەكەوە بۆمان نەلواوە بایی پێویست، ئامادەی زاراوەسازی بین. تەنیا سۆز و خۆشەویستی وای كردوە لێرە و لەوێ مێرخاسێكی كورد بە ئەركی ماددی و بە ڕادەی لێهاتویی خۆی خەریكی گرتنی بەشێكی ئەو كەلێنە زلەی زاراوەی كوردی بووە، و خزمەتێكی كردوە، كە هەندێكجار ئەم كارە دواكەوتووە. بۆیە تاڕادەیەك ناتوانین دەستبەرداری بەكارهێنانی بەشێك لە وشە و زاراوە وەرگیراوەكان ببین. دەكرێت ئەمەش هۆكارەكەی ئەوەبێت، كە ئاخێوەرانی زمان، خۆیان داهێنەر و داینەمۆی پێشكەوتنی زمانن. ئەو وشە و زاراوە نوێیانەی كە دادەهێنرێن، جێگەی خۆیان لە نێو خەڵكیدا ناگرن و ناڕۆن، ئەگەر ئەوان تێیدا بەشدار نەبن، و لەگەڵ بەخۆزانی/ سەلیقەیاندا ناگونجێن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین زاراوەی نوێ پێشنیازكراون، بە نموونە (هەڵبەست) بۆ (شیعر) و (هەستیار) بۆ (شاعیر) و (پێنووس) بۆ (قەڵەم) و (پەندیار) بۆ (حەكیم) و (پەندیاری) بۆ (حیكمە) و .. تاد. بەڵام هیچ كامیان نەیانتوانیوە جێگەی وەرگیراوەكان بگرنەوە.
هەروەها ئەگەر باس لە واتا و ڕەگ و ڕیشەی وشەی وەرگیراو بكەین زۆرێك لە زمانەوانان پێیانوایە، هەر كەرەستەیەكی زمانی لە زمانە سەرچاوەكەدا بۆ دیاردە و بابەت و داهێنراوێك سازكراوە، و دەبێت لە زمانی دووهەمیشدا بە وردی بەرانبەر بە هەمان واتا بەكاربهێنرێتەوە. بەڵام ئەمە هەموو جارێك پێڕەوناكرێت، هەندێكجار لادان دەبینرێت، بە نموونە (بەلوعە)، كە لە زمانی عەرەبییەوە هاتووەتە نێو كوردییەوە، لە عەرەبیدا بە واتای (زێراب) دێت، بەڵام لە كوردیدا بۆ واتای (الحنیفیە)ی عەرەبی بەكاردێت. لە لایەكی دیكەشەوە دەبێت كەرەستەی وەرگیراو به تایبەت زاراوە لە زمانە ڕەسەنەكەوە وەربگیرێت، چونكە بەرهەمی درەختی زمانەكە خۆیەتی، نەك لە زمانی نەتەوە باڵادەستەكانەوە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ زمانەكەی خۆیاندا گونجاندوویانە، دیارە ئەمەش پشتبەستە بەو ڕاستییەی، كە هەر زمانێك كەرەستە وەرگیراوەكان بە ڕێنووسی خۆی دەنووسێتەوە، یاخود هەر زمانێك دەستوری زاراوەسازیی و زمانەوانیی تایبەتیی خۆی هەیە. بۆیە كاتێك وشەیەك وەردەگیرێت، دەنگەكانی دەخاتە ژێر كارتێكردنی دەنگناسی (فۆنەتیكی)یەوە”.
مامۆستا خۆشناو دەربارەی پاڵنەرەكانی وەرگرتنی وشە و زاراوە لە زمانی كوردیدا كامانەن ڕای وایە:”وەرگرتن، كردەیەكی بەربڵاو و سروشتییە و لە هەموو زمان و سەردەمێكدا ڕوودەدات، بەڵام ئەم كارە خۆڕسكانە ڕوونادات، تاوەكو چەند هۆكار و پاڵنەرێكی نێوخۆیی و دەرەكی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەبن. زۆرینەی هۆكارەكانیش لە ڕێگەی كرانەوە و پێشكەوتنی كۆمەڵ لەگەڵ پێویستیدا دێنەئاراوە، كە دواجار یەكە و كەرەستەی نوێ لە فەرهەنگی زمانەكەدا پێویستدەكەن. ئەم هۆكار و كاریگەرییانەش بە گۆڕانی كات و شوێن دەگۆڕێن، تەنانەت لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكەش جیاوازدەبن. سەبارەت بە زمانی كوردی ئەو هۆكارانەی كاریان كردووەتە سەر هاتنی وشە و زاراوە، یا وادەكەن پەنا ببرێتە بەر دیاردەی وەرگرتن، ئەوا دەكرێت هەریەكە لە: {سەرهەڵدانی دیاردە و كەرەستەی نوێ لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، جوگرافیا و بەریەككەوتنی زمانی، هۆكاری ئایینی، زۆرجار شانازیكردن و خۆدەرخستن، گەشت و گەڕان، شارەزایی زمان و فێربوونی زمانی دووەم، بەدەستهێنانی زانست و زانین لە دەرەوەی وڵات و خوێندن بە زمانی دیكە، جەنگ و داگیركاری، ئابوری و بارزگانیكردن، نووسەر و توێژەران و بزوتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری، و …تاد، وەك پاڵنەر و هۆكار دەستنیشانبكرێن”. =
لەپرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی، سەرهەڵدانی دیاردە و كەرەستەی نوێ لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا پێوەندیی بە وەرگرتنەوە چۆنە؟ لەوەڵامدا دەڵێ:” ئەو زانین و ژیارییە پێشكەوتووەی مرۆڤ بەدەستیهێناوە، لەگەڵ كرانەوە و پێشكەوتنی كۆمەڵی مرۆڤایەتی، كە بیری داهێنان و ئەفراندنی پەرەپێداوە، ئەوا بە هۆیەوە چەندین دیاردە و چەمكی نوێ پەیدابوون، لە ئەنجامیشدا ئەندامانی هەریەكێك لەو كۆمەڵانە، كە ئاشنای چەمكە تازەكان دەبن، لەگەلأیدا پێویستییان بە وشە و زاراوەی نوێ دەبێت، بۆ ئەوەی گوزارشت لەو دیاردانە بكەن . چونكە ناكرێت ئەم كەرەستە و شتانە بێناو بمێننەوە، ناچار زۆرجار هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی وەرگرتنەوە ئەم كەماسییە پڕبكرێتەوە.لەم ڕووەشەوە ئەگەر بەراوردێكی زمانی كوردی ئەم چەند ساڵەی دوایی بە ڕابردوو بكەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە چەندین وشەی نوێیباو لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردە و كەرەستەكانەوە هاتوونەتە نێویەوە، لەوانە: {ئەتۆم، وزە، یۆرانیۆم، نایترۆجین، مایكرۆسكۆب، ئۆڤن، مایكرۆ، …تاد.}. بە هۆی تەكنەلۆژیا و گەشەكردنیشییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە وشە و زاراوە بڵاوبوونەوە. د= چونكە ئەندامانی هەر كۆمەڵێك، كە ئاشنای ئەو دیاردانە دەبن، پێویستییان بە ناو و زاراوەكانیان، تاوەكو گوزارشتیان لێبكەن، و بەكاریانبهێنن لە نموونەی: {لاپتۆپ، مایكرۆسۆفت، داتا، پاسوۆرد وایفای، لەیزەر، ئۆتۆ، ئایپاد، …تاد.}. هەروەها بە هۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، فەرهەنگی كوردی دەیان وشە و زاراوەی وەكو: {پەیج، لایك، پۆك، بلۆك، فڕێند، تویت، پۆست، مێنشن، بیۆ، پڕۆفایل، …تاد.} تێدا دەركەوتووە”.
هەروەها لەبارەی هۆكاری جوگرافیایی و بەریەككەوتنی زمانەكان چ كاریگەرییەكیان بەسەر وەرگرتنی وشە و زاراوە بۆ زمانی كوردی دەبێت؟ مامۆستا گوتی:” بەریەككەوتن و تێكەڵبونی دوو زمان كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، لە ئەنجامی پێویستی یەكێك لەم دوو زمانە بە دەربڕاوێك. بە واتایەكی دیكە ئاوێتەبوونی دوو زمان یا زیاتر لە ڕێگەی هاوسێیەتی و سنووری هاوبەشەوە یاخود پێوەندیی خزمایەتیی زمانی لە نێوانیاندا هۆكارێكی سەرەكی گواستنەوەی وشە و زاراوەیە.= بۆیە دەكرێت بگوترێت: نزیكی شوێنی جوگرافیایی نێوان دوو زمان وادەكات، كۆمەڵێك وشە و زاراوە لە نێوان زمانە دراوسێكانەوە وئاڵوگۆڕببێت. لەم ڕووەشەوە زمانی كوردی كاریگەریی زمانەكانی، وەك عەرەبی و فارسی و توركی لەسەرە، و چەندین وشە و كەرەستەی لێیانەوە وەرگرتووە، بۆ نموونە:
ــ وشەی عەرەبی: {زەكات، عەبا، حەكیم، حەسود، ئیمان، زیكر، فرسەت، …تاد.}
ــ وشەی فارسی: {شیرین، ئاهەنگ، ئاواز، ئەندێشە، وەرزش، .. تاد.}
ــ وشەی توركی: {قەرەباڵغ، یاپراغ، قوڕمساغ، قەرداش، قاڵدرمە، قاچاغ، …تاد.}.”