دادگای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەرزکرایەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق رەتیکردەوە دادبینی بۆ سکاڵاکە بکات بەوپێیەی دادگاکە پەیوەندیدار نییە بەو بابەتە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڕیاری “نادەستووریبوون”ی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی دا؛ بەپێی ئەو بڕیارە، کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانیش بە “نایاسایی” ناسێندرا.. بەڵام بۆ هەڵوەشانەوەی کۆمسیۆنەکە بە تەواوی لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتکرایەوە.