بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند: دوێنێ بەرواری 15 /7 /2023 هاووڵاتیێكی بەڕەگەز سووری سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕینی كرد و سكاڵای تۆمار كرد لە دژی كەسێكی نەناسراو لەسەر ئەوەی كە بەفێڵی شتكڕین كوڕە هەشت ساڵانەكەی لەماڵ بردووەتە دەرەوە، دواتر نەگەڕاوەتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێكاری یاسایی گیرایەبەر.
پۆلیس دەڵێت: دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری، تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و تۆمەتبارەكە دۆزرایەوە و دەستگیركرا كە لە ڕەگەزی نێر و تەمەنی 21ساڵ دانیشتوی ڕانیەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش تۆمەتبارەكە لە ڕووی دەروونییەوە ناجێگیرە. دوای لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا دانیناوە بەتاوانەكەی، بە گوتەی تۆمەتبار بەفێڵی شت كڕین، منداڵە هەشت ساڵانەكە كە بەڕەگەز سورییە و بردووەوتە نزیك شاخی هەنجیرە و دواتر بەچەقۆ كوشتوویەتی.
پۆلیس دەشڵێت:بۆ ئەو مەبەستە هێزێكی هاوبەش لە پۆلیسی ڕاپەڕین كە پێكهاتبوون لە بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی ڕانیە و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین و بنكەی پۆلیسی كێوەڕەش و بەشی بەڵگەكانی تاوانی ڕاپەڕین، چوون بۆ شاخ بۆ دۆزینەوەی تەرمی كوڕە هەشت ساڵانەكە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە كە شەوی رابردوو لەلایەن هێزە هاوبەشەكەی پۆلیس، تەرمی منداڵەكە لەشاخ دۆزرایەوە و لەهەمان شوێن ئامێرێكی تیغ لەجۆری مشار دۆزرایەوە، تەرمی منداڵەكەش گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە.تۆمەتبارەكەش بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكەدا بەردەوامە.