شازدەهەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS لە زانکۆی بەرشەلۆنەی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا کۆتایی بە کارەکانی هێنا و Melanie Obrien بەسەرۆک هەڵبژێردرا و هاوکات جێگران و سکرتێر و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی ڕاگەیەندرا.
پاش پێنج ڕۆژ لە دیبەیت و پێشکەشکردنی دەیان لێکۆڵینەوەی نوێی بواری جینۆسایدی گەلان لەلایەن توێژەران و لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی ئەندام لە IAGS بە ئامادەبوونی شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆتایی بەکارەکانی هات.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە، بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی وەزارەتەکە چەند کۆبوونەوەیەکی بە جیا لەگەڵ ئاڵفۆنسۆ ئارگۆنسێس نوێنەری وەزیری داد و راوێژکاری وەزارەت و هەروەها لەگەڵ خاتوو ( Elisenda Calvet Martinez )کرد.
تەوەرەکانی کۆبوونەوە بریتی بوون لە جەخت کردنەوە لە سەر هاوکاریان بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی گەلی کورد و هاوکاری زانستی و یاسایی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پاڵپشتی بردنە پێشی کەیسەکە بن و هاوکار بن لەم بارەیەوە.
لە کۆتاییدا شاندی وەزارەت وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بە سەرۆک و ستافی نوێی یەکێتییەکە، وەزیر و بریکاری وەزارەت سیمبوڵی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردی پێشکەش بە سەرۆک و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS کرد.
هەروەها لە میانەی ٥ ڕۆژی کۆنگرەکەدا سەرۆک و ئەندامانی KG لۆبی سەنتەر ئامادەیی بەرچاویان هەبوو لە سەرجەم میتینگەکان بۆ ڕوونکردنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستان و قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەردەستی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق و لۆبیکردن بۆ پشتیوانی و پشتگیری بۆ پرسی جێنۆسایدی گەلی کورد بۆ ناساندنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەماوەی ڕابردوودا دوای ناردنی تیمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دامەزراوەی KG لۆبی سەنتەر، توانرا پڕۆژەی بڕیارنامەیەک دەربارەی جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ئاورنگ شاوەیس ئامادەبکرێت بۆ بڕیاردان لەلایەن یەکێتیەکەوە.