سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەدەپە لە كۆنگرەدا چی دەگۆڕێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناچار کرد كۆنگرە ببەستن، یەكێك لەو پارتانەش هەدەپەیە، كە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا بچێتە ناو شەشەم كۆنگرەیەوە. ئەوەی روونە، هاوسەرۆكەکانی ئێستا دەگۆڕێن و دوو كەسی تر دەبنە هاوسەرۆك.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیەکەی ١٤ـی ئایار، بە هۆی ئەو ستراتیژە خراپەی هەدەپە پەیڕەوی كرد، ئەو پارتە یەك ملیۆن دەنگدەری كەم كرد، بەڵام سەرباری ئەو کەمداگەڕانەیش، هەر توانی ببێتە خاوەنی 61 كورسیی پەرلەمان. ئەمە وای كرد دەنگی ناڕەزایی لەناو پارت و لایەنگرانی ئەو پارتەدا بەرز ببێتەوە و داوای گۆڕینی هاوسەرۆکەكانی هەدەپەیان كرد.
پەروین بوڵدان و مەدجەت سانجار، هاوسەرۆكانی هەدەپە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دڵنیاییان دایە لایەنگرانیان كە لە كۆنگرەدا خۆیان بەربژێر ناكەن و كورسی بۆ دوو كەسی تر چۆل دەكەن.

پەكەكە و رۆڵی لە كۆنگرەی هەدەپەدا
لە هەموو ئەو كۆنگرانەی هەدەپە گرتوویەتی لە دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی و هاوسەرۆكدا پەكەكە رۆڵی هەبووە، بەبێ پەكەكە نەتوانراوە هاوسەرۆك دابنرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەم كۆنگرەیەش، بەهەمان شێوە پەكەكە ناوی دوو كەس دیاری بكات و بڵێت دەبێت ئەوانە ببنە هاوسەرۆك، كە ئەمەش هەڵەیە و كودەتایە بەسەر ئیرادەی هەدەپە.
یەكێك لەو هۆكارانەی كە وای كرد، هەدەپە دەنگەكانی كەم بكات، دەسەڵاتی پەكەكە بووە بەسەر ئەو پارتەدا، چونكە دەنگدەرێكی زۆری هەدەپە، هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە نییە و لەگەڵ ئەوەدان، جیا لە پەكەكە، پارتێكی تری مەدەنی لە توركیادا پێگەی هەبێت و لەناو پەرلەماندا شەڕی مافی كورد بكات، بەڵام بەردەوام پەكەكە دەستوەردانی لە كاروباری هەدەپەدا كردووە، تەنانەت لە دانانی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش، پەكەكە بە جیا لیستێك دەنێرێت و دەبێت ئەو لیستەی پەكەكە دەینێریت بەربژێر بكرێن.
یەكێك لە زیانەكانی ئەو دەستوەردانەی پەكەكە ئەوەیە، كاتێك هەدەپە سەرۆكی شارەوانی دەباتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییە پێشتر پەكەكە بووە، دادگا دۆسیەی لەسەر دەكاتەوە و شارەوانییەكەی قەیووم دەكرێت.
هەرچەندە ناڕەواییەكی زۆر بەرامبەر بە سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە دەكرێت، چونكە بەشێكی ئەو سەرۆك شارەوانییانە هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە نییە و كەچی شارەوانییەكەیان قەیووم دەكرێت، بەڵام بەشێكیان خۆشیان نایشارنەوە كە پێشتر پەكەكە بوونە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ویستی هەدەپە لەژێر فشاری پەكەكە دەربهێنێت و ببێتە خاوەن ئیرادەی خۆی، بەڵام لەوەیاندا سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت دژایەتی پەكەكە وای كرد، دەمیرتاش گلەیی لە هەدەپەی ئێستا بكات و بڵێت پەیامەكانی من فەرامۆش دەكەن، بۆیە دەبێت لە كۆنگرەی داهاتوودا، هەدەپە بوانێت كێ دەكاتە هاوسەرۆك و كێن ئەو كەسانەی دەچنە سەركردایەتی.
ناوی مەڕاڵ دانش و سری سوورەیا ئۆندەر دێت، بۆ جێگیرەوەی بوڵدان و سەنجار، بەڵام ئەگەر ئەوە روو بدات، بێگومان پەكەكەی لە پشتە، چونكە ئەو دوو كەسایەتییە هەرچەندە سیاسیی زیرەك بن، بەڵام دەستی حكوومەت واڵا دەكەن كە دەرگای زیندانیان بۆ بكاتەوە، چونكە هەردوو كەسایەتیی، پێشتر بەهۆی پاڵپشتیكردنیان لە پەكەكە، خراونەتەوە زیندانەوە، بۆیە دانانی ئەو دوو كەسایەتییە وەكوو هاوسەرۆك، سەر ئێشەیەكی تر بۆ هەدەپە دروست دەكات.

هەدەپە دەمێنێت یان لەژێر ناوێكی تر سیاسەت دەكات؟
بەهۆی ئەوەی دۆسییەی هەدەپە لە دادگای دەستووری توركیایە و داواكاری گشتی توركیا داوای كردووە ئەو پارتە دابخرێت، ئەمە وای كرد، هەدەپە لە ترسی داخستن، لە هەڵبژاردنەکەی ١٤ـی ئایار، لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.
داخستنی هەدەپە، ئێستاش بابەتێكی گەرموگوڕە، مەهەپەی هاوپەیمانی ئاكەپە و ئەردۆغان، داكۆكی دەكەن لەوەی پێویستە هەدەپە دابخرێت، ئەردۆغانیش چەندین جار گوتوویەتی هەدەپە تیرۆریستە و درێژكراوەی پەكەكەیە، بۆیە مەترسیی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە؛ ئەگەر هەیە، هەدەپە ناوی خۆی بگۆڕێت و وەكو پارتی چەپی سەوز بێتە ناو كایەی سیاسیەوە و ئیدی هەدەپە ببێت بە مێژوو، واتە بەر لەوەی دادگا بڕیارەی هەڵوەشانەوەی هەدەپە بدات، هەدەپە خۆی خۆی هەڵوەشێنێتەوە و وەكو پارتی چەپی سەوز لەناو پەرلەمانی توركیادا بێت و هەر بەو ناوەش خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئامادە بكات.